ناس کورد-
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن بێکار لەناو دەرچووانی زانکۆ و چینە جیاوازەکانی تردا تۆمارکراون، و ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی واژۆ کراوە بۆ گەشەپێدانی پڕۆگرامەکانی ڕاهێنان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕائید جەبار باهز، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنان لە وەزارەتەکە بە ئاژانسی فەرمیی عێراقییەی (25ی حوزەیرانی 2022) وتووە کە "کەرتی کار لە بەرپرسیارێتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدایە بە پلەی یەکەم چونکە سەرجەم داتا و زانیارییەکانی لە بەردەستە کە تێیدا یەک ملیۆن بێکار لە چینە جیاوازەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی تر جگە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون."
ئاماژەی بەوەشدا کە "ژمارەیەکی زۆر بێکار هەن کە هێشتا تۆمار نەکراون" و داوا دەکات "هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ دروستکردنی هەلی کاری ڕاستەقینە لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت، هەروەها دانانی پلانێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە."
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق وتیشی، "وەزارەتەکە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی واژۆ کردووە بۆ کردنەوەی چەند ناوەندێکی ڕاهێنان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت لەڕێگەی ڕاهێنانی پیشەیی بە شێوەیەک لەگەڵ بازاڕی کاردا یەکبگرێتەوە."
ناوبراو جەختیکردەوە کە "زۆر لایەنی تر هەماهەنگی و پشتیوانی ڕاهێنانی دەستی کاری پیشەیی دەکات لەگەڵ وەزارەت و ئەوانەش هەمووی هاوکار دەبن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی کێشەکە."