ناس کورد-
سادق زیبا کەلام، توێژەری گەورەی ئێرانی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان چەند زانیارییەک لەبارەى پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆرج بۆش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ئاشکرا دەکات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سادق زیبا کەلام دەڵێت نزیکەى یەک کاتژمێر لەگەڵ بارزانی دانیشتوان، "کاک مەسعود زیاتر قسەی دەکرد و باسی عێراقی دوای کەوتنی سەدام و گرژی و ئاڵۆزییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بە تایبەت پۆڵ بریمهر، حاكمی مهدهنی ئهمهریكا له عێراق کرد لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە."
زیبا کەلام زیاتر دەڵێت، "کاک مەسعود باسی لەوەکردووە کە ئەمریکییەکان زۆر داوایان لە بارزانی و تاڵەبانی کردووە پێشمەرگە بێ چەک بکرێن و هەڵبوەشێنرێنەوە و تەنها سوپای عێراق تاکە هێزی تەواوی وڵات بێت."
زیبا کەلام باسی لەوەشکردووە کە "کاک مەسعود وتی بە هیچ شێوەیەک ڕازی نەبووین بە داواکارییەکەی ئەمریکا و گفتوگۆکان لە بەغدا لەگەڵ پۆڵ بریمەر بە بنبەست گەیشتووە، بۆیە جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە کۆشکی سپییەوە تەلەفۆنی بۆ دەکات و پێی دەڵێت هەر جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەکی ئەمریکا بۆ کوردەکان پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە، بەڵام کاک مەسعود ڕەتی دەکاتەوە و جۆرج بۆشیش توڕە دەبێت و هەڕەشە دەکات کە ئەگەر پێشمەرگە هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوە سوپای ئەمریکا چۆن لە ماوەی دوو هەفتەدا سوپای ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاندەوە، ئاوا سوپای ئەمریکا دێتە هەولێر و پێشمەرگەش هەڵدەوەشێنێتەوە."
زیبا کەلام زیاتر دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "کاک مەسعود بەبێ خودا حافیزی تەلەفۆنەکە دادەخات و بە ئەمریکییەکان دەڵێت من هیچ قسەیەکم لەگەڵ ئێوە نییە، خۆتان وەرنە کوردستان و پێشمەرگە هەڵوەشێننەوە".
"ئیتر دوای ئەوە بەپەلە بەغدا بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە هەولێر، چیتر نەگەڕایەوە بۆ بەغدا."