گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’لە وڵاتانی دراوسێ ئازادی زیاترە’’

مەسرور بارزانی ڕەخنە لە میدیا دەگرێت: دۆخی خەڵک لە هەرێم خراپ نییە

2022.06.20 - 21:40
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی ڕەخنە لە میدیا دەگرێت: دۆخی خەڵک لە هەرێم خراپ نییە

ناس کورد-

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕەخنەی لە میدیا هەیە و دەڵێت، دۆخی خەڵک لە هەرێمی کوردستان خراپ نییە، بەڵام کەسانێک هەن دەیانەوێت رەشبینی بڵاوبکەنەوە و، گوتیشی هەر کەسێک داوای پشک لە وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان بکات با ئەو وەبەرهێنەر و کۆمپانیایانە بەڵگەکانیان بدەنە نووسینگەکەی من.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی حوزەیرانی 2022 لە شاری هەولێر لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەر و نوێنەرانی ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەو هەندێک رەخنەی هەن لە دەزگاکانی راگەیاندن کە کەموکورتیی بچووک گەورە دەکەن، کار و پڕۆژە گەورەکان پێشانی خەڵک نادەن و گیانی نیشتمانپەروەری بڵاوناکەنەوە. هەروەها گوتی، لەوانەیە ئێوەش رەخنەتان هەبن و هاتووم گوێ لە رەخنەکانتان بگرم بە تەواوی ئازادییەوە.



چەند رۆژنامەڤانێک رەخنەی ئەوەیان گرت کە لەم کابینەیەدا ئازادیی کاری راگەیاندن و ئازادیی رادەربڕین کەمبووە، مافی مرۆڤ لە کوردستان پاشەکشەی کردووە، گرتنی رۆژنامەڤانان هەیە، تووندوتیژیی بەرامبەر ژنان زۆربووە، دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان زەقتربووە، جیاوازیکردن لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هەیە، جیاوازیکردن لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن هەیە، رێگەنەدان بە پڕۆژەکان بەبێ داواکردنی هاوبەشی لەگەڵیان هەیە و چوونی سەرمایەداران بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان زۆربووە، زۆربوونی هێرشەکانی تورکیا و ئێران زۆربووە و پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتەکانی کوردستان و دەوروبەر تێکچوون، قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەکان دا زۆربووە، خزمەتگوزارییەکان کەم بوونە، گەندەڵی زۆرتربووە و کابینەکە سەرکەوتوو نەبووە.

مەسرور بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا گوتی، دۆخی هەموو کەسێک رەنگدانەوەی لەسەر بۆچوونەکانی دەبێت، هەندێک کەس کە بەرژەوەندییەکانیان تێکچووە و دەسەڵاتیان هەیە دەیانەوێت رەشبینی بڵاوبکەنەوە. ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لە وڵاتانی دەوروبەر، کەس لەسەر کاری رۆژنامەڤانی و باوەڕ و کاری سیاسی نەگیراوە. لە هەموو دنیا میدیا لەلایەن کەسانێک یان لایەنێک پشتگیری دەکرێت، ئەوە ئاساییە، بەڵام دەبێت ئەو دەزگایانە سەرچاوەی داهاتیان دیاربێت کە دیارنییە لە کوێوە پشتگیریی دەکرێن. دەبێ وەزارەتی رۆشنبیری لەوبارەوە کاری خۆی بکات. باسی یاسای دیجیتاڵ میدیا کرا، گوتی، پڕۆژەیاسای دیجیتاڵ میدیا ئامادەیە و من لەگەڵ ئەوەدام بچێتە پەرلەمان، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت رازی نەبوون و گوتیان ئەوە کەمکردنەوەی ئازادییە.



مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، داهاتی دەروازە سنوورییەکان سێ بەرامبەر زیادیکردووە و، قاچاخچێتیش لە دەروازە سنوورییەکان دا زیادبووە، بەڵام لە هەموو دەروازە سنوورییەکان وەک یەک نییە، داوامانکرد هێزێکی تایبەت بچێتە سنوورەکان، بەڵام تائێستا نەکراوە و ئەوکات گوتیان شەڕ دروست دەبێت، من نامەوێت کێشەکان قوڵتر ببن، دەمەوێت چارەسەریان بکەین، ئێستا لە هەوڵداین بیکەین.


خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەت لە 200 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 70 ملیۆن دۆلار کەمکراوەتەوە. بەشی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەوت لە رێژەی 25٪ەوە بۆ 41٪ زیادکراوە. هەروەها هەرزانترفرۆشتنی نەوتی کوردستانمان 3-4 دۆلار کەمکردووەتەوە.


هەروەها گوتی ئەوە راست نییە حکومەتی عێراق دوای هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیبێت، ئەوکاتەی لە 2014 دا حکومەتی عێراق بودجەی ئێمەی بڕی، هەرێمی کوردستان یەک بەرمیل نەوتی هەناردە نەکردبوو. هەروەها سۆمۆ هۆکارێکی هەرزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، چونکە هەڕەشەی لە هەموو کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان کردبوو، کەچی دوایی رەخنەی هەرزان فرۆشتنی لە هەرێمی کوردستان دەگرت. هەروەها خەرجی عێراق لە دەرهێنانی نەوت دا زۆرە.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە. سەبارەت دۆسییەی نەوت و گاز گوتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەپێی دۆخی تازەی عێراق دروستنەکراوە، ئێمە داوامان کردووە "کۆمپانیای سۆمۆ دروستبکرێتەوە و جێگری بەڕێوەبەر لە کوردستان بێت و مافی ڤیتۆی هەبێت".

مەسرور بارزانی رەخنەی لە حکومەتی عێراقیش گرت لەوەی ماوەی 29 مانگدا تەنیا 13 مانگ بڕی ئەو 200 ملیارەی ناردووە کە دەبێت مانگانە بیداتە هەرێمی کوردستانی بکات بۆ دابەشکردنی بەسەر مووچەخۆران دا. سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا و رێککەوتنی نوێ، مەسرور بارزانی گوتی نە من و نە هیچ کەسێکی دیکە نابێت دەست لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت.

سەبارەت دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقیش گوتی، "کوا دادگەی باڵای فیدراڵی لە عێراقدا هەیە؟، عێراق دادگەی فیدراڵی نییە". هەروەها گوتی ئەو بەناو دادگای باڵای فیدراڵییە بەپێی دەستووری عێراق دروستنەکراوە. گوتیشی پێی سەیرە خەڵکانێک هەبن بڕیاری دادگای فیدراڵییان سەبارەت نەوتی هەرێمی کوردستان پێخۆش بێت و گوتی هیچ شارێکی عێراق ناگاتە ئاستی شارەکانی هەرێمی کوردستان لە هیچ رووێکەوە، تاوەکو خۆزگە بە شارەکانی عێراق بخوازرێت. گوتیشی " دەبووایە ئاڕاستەی رەخنەکان بەرەو حکومەتی عێراق بن، نەوەک حکومەتی هەرێمی کوردستان."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دیدارەدا لەبارەی دۆخی ژیانی خەڵکیشەوە رایگەیاند کە دۆخی ژیانی خەڵک خراپ نییە، ئەگەر دۆخی ژیانی خەڵک خراپ بێت بۆچی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە لە هەرێمی کوردستان. خەڵکیش بەوشێوەیە رەشبین نییە، بەڵام هەندێک کەس دەیانەوێت رەشبینی بڵاوبکەنەوە.

لەبارەی پرسی کارەبا و گازەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند "ئێستا 3100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنین، بەڵام توانای بەهەمهێنانی نزیکەی 7000 مێگاواتمان هەیە، گرفتەکە ئەوەیە سووتەمەنیمان نییە و خەرجی گواستنەوەی سووتەمەنی زۆرە بەهۆی دروستنەکردنی ژێرخانێکی باشی گواستنەوەی سووتەمەنی، لەم کابینەیەدا توانیومانە 600 مێگاوات کارەبا زیاد بکەین."

 

باسی لە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کرد کە دەیەوێت بەرهەمهێنانی گاز زیادبکەن، هەروەها بەرهەمهێنانی کارەبا لە سۆلار و لە گازی سووتاو زیاد بکەن.

ئەوەشی گوت کە هەرێمی کوردستان لە پرسی ئاوارە و پەنابەران دا ساڵانە بڕی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەکو خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران خەرج دەکات.

سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، گوتی پەکەکە بیانووی تورکیایە بۆ هێرشەکانی تورکیا، با پەکەکە شوێنەکان چۆڵبکات و نەبێتە بیانوو بۆ هێرشەکانی تورکیا. هەروەها گوتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ دەوڵەتێک نابێ هیچ وڵاتێک هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان.