ناس کورد-
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و جەختیکردەوە، لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە سازان و ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ڕزگاربوون و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراقی تێکەوتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا لاهور شێخ جەنگی (دووشەممە 20-6-2022) ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ لە شاری بەغدا، سەردانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقم کرد و لە دیدارێکدا بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "جەختمان کردەوە لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە سازان و ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ڕزگاربوون و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراقی تێکەوتووە لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە جێی متمانە و خواستی هاووڵاتییان بێت، لەهەمانکاتدا پارلەمانیش بتوانێت ڕۆڵی کارا و ڕاستەقینەی خۆی ببینێت بۆ چاودێریکردن و بەردەوامبوونی حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار."