گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ئاگادارییەک لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی شوقەی کرێچییان

2022.06.20 - 16:03
App store icon Play store icon Play store icon
ئاگادارییەک لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی شوقەی کرێچییان

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان زانیاریی نوێ لەبارەی پڕكردنەوەی فۆڕمی شوقەی كرێچییان ئاشکراکرد و دەڵێت، ئەوانەی كێشەیان لە ناردنی وێنەی كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری و پسوولەی خۆراك هەیە، دەبێت قەبارەی وێنە بچووك بكەنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د.هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان (دووشەممە 20-6-2022) بە میدیای پارتیی ڕاگەیاند، "ئەوانەی كێشەی تۆماركردنیان لە فۆڕمی شوقەكان هەیە، هەندێكیان كێشەیان لە خودی مۆبایلەكان و هێڵی ئینتەرنێت و بەرنامەكان هەیە، ئەگەرنا هەموو زانیارییەكان بە دوو بۆ سێ خولەك پڕ دەكرێنەوە".



ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوانەی كێشەیان لە ناردنی وێنەی كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری و پسوولەی خۆراك هەیە، دەبێت قەبارەی وێنە بچووك بكەنەوە و بابەتەكە تەكنیكییە و پێویستە پشت بە كەسی شارەزا ببەستن، بۆ ئەوەی زانیارییەكان بە دروستی بنێرن".



سەبارەت بەو كەسانەی هاوسەریان مردووە، یان جیابوونەتەوە، یان ئەو منداڵانەی دایك و باوكیان نەماوە، باسی لەوەکردووە، "ئەگەر دایك و باوكیان نەمابێت، منداڵ دەبێت وەكوو سەرۆك خێزان بنووسرێت و خوشك و براكانیشی وەكوو ئەندامی خێزان، ئەگەر ئافرەت هاوسەری مردبێت، ئەوە دەبێت زانیارییەكانی پەیوەست بە هاوسەری پڕ بكاتەوە، چونكە ئەگەری هەیە پێشتر لە حكوومەت سوودمەند بووبێت".

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئەگەر خانەوادەی شەهنیدێك خانوویان وەرگرتبێت و بەناوی یەكێكەوە كرابێت وەك تاپۆ، بەڵام كرێچی بێت، ئەوە بە سوودمەند ئەژمار دەكرێت، ئەوانەشی كە زەوی و خانوویان لە حكوومەت وەرگرتبێت نایانگرێتەوە، چونكە سوودمەندن".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەوەی گرنگە زانیارییە سەرەكییەكان دروست بن، كوڕێك و باوكێك پێكەوەن و كرێچین و یەك ژمارەی خانوو و یەك كارتی زانیارییان هەیە، یان كەسێك ژمارەی خانووی هەڵەیە ئەوانە كێشە نین، بەڵكو گرنگە زانیارییە سەرەكییەكان تەواو بن، لەوانە ناو و ناونیشان دروست بێت و زانیارییەكان راست و دروست بن".

 

هەڤاڵ سدیق دەشڵێت، "با هاووڵاتییان پەلە نەكەن و زانیارییەكانی نێو فۆڕمەكە بەوردی و بەتەواوی پڕ بكەنەوە، ئێمە بۆیە پڕكردنەوەی فۆرمەكە و ناردنەوەیمان بە ئۆنلاین كردووە، چونكە پرۆسەكە خێراتر دەكات و لە ڕووی ڕێكوپێكی و كات و كەمكردنەوەی ڕۆتینەوە باشترە".