ناس کورد-
بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی کۆبوونەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆلێرا پێنج بڕیاریان دەرکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ دووشەممە 20-6-2022) بەسەرپەرشتی
(د.هەڤاڵ ئەبوبکر، پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی قائمیقامی قەزاکانی دوکان و شارباژێڕو سەیدسادق و شارەزوورو پێنجوێن و بەڕێوەبەرەکانی ئاسایش و پۆلیس و ئاو و ئاوی دەوروبەری سلێمانی و خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی و بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئۆفیسی WHO لە سلێمانی کۆبوونەوە و بەوردیی هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی تەندروستیی گشتیی و تۆمارکردنی حاڵەتەکانی کۆلێرا لە سلێمانی و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عیراق و هۆکار و چارەسەر و ڕێکارە چارەسەرسازیی و خۆپارێزییەکان کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی پارێزگای سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە:
یەکەم: پێکهێنانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی بە سەرۆکایەتیی پارێزگارو بە ئەندامێتی فەرمانگا پەیوەندیدارەکان.
دووەم: دەسەڵاتی تەواو لەژێر ڕێنمایی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆلێرادا درایە هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ پێکهێنانی لیژنەی هاوشێوەو جێبەجێکردنی بڕیارو ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵا.
سێیەم: دەسەڵاتی تەواو درایە لیژنەکانی تەندروستی و قائمقامیەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، کە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگاکانی تەندروستیی و ئاوو فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی ترو ئاسایش و پۆلیس ڕێکاری پێویست لەبەرامبەر هەر سەرپێچی و هۆکارێکی پیسبوونی ئاوو خۆراکدا بگرنەبەر.
چوارەم: داوا لە هەموو دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتیانی خۆشەویست کرا، پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بن و بەشداربن لە هەڵمەتی هۆشیاریی و خۆپارێزیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆلێرا.
پێنجەم: داوا لە حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستی و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ئیتحادی کرا بۆ دابینکردنی بودجەی کتوپڕ بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەو دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتیان.