گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

بەڤیدیۆ؛ ناس کورد زانیاریی لەبارەی کوالێتیی بەنزینە 800 دینارییەکە ئاشکرا دەکات

2022.06.19 - 19:59
App store icon Play store icon Play store icon
بەڤیدیۆ؛ ناس کورد زانیاریی لەبارەی کوالێتیی بەنزینە 800 دینارییەکە ئاشکرا دەکات

ناس کورد- 

لەدوای سێ ڕۆژ لە دابەشکردنی بەنزینە 800 دینارییەکەی حکومەتی هەرێم، بەڵام شۆفێران ڕازی نین لە کوالێتی بەنزینەکە، لەکاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، گونجاوە، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەدواداچوون دەکەن ئەگەر بەنزینەکە بەوشێوەیە خراپ بێت داوا دەکەن دابەشکردنی ڕابگیرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەی سێ ڕۆژە بەنزینی نۆرماڵی 800 دیناری کە حکومەتی هەرێم دابینی دەکات لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی سلێمانی دابەش دەکرێت و ڕۆژانەش بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی پشکنینی بەنزینەکە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، گونجاوە. 

 

لە بەرامبەردا بەشێکی زۆر لە شۆفێران لەسەر پۆستەکانی پەیجی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕەخنە لە کوالێتی بەنزینەکە دەگرن و دەڵێن، "تاوەکو ئێستا بەنزینی کوالێتی خراپی لەوجۆرەیان نەبینیوە"، بەشێکیشیان تەنانەت دەڵێن، بەنزینەکەیان لەئۆتۆمبێلەکەیان دەرکردووەتەوە. 

 

هەر لەوبارەیەوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، هاووڵاتییەک سەری تەنکی بەنزینەکەی کردووەتەوە و بەنزینەکە قوڵب دەدات، هاووڵاتییەکە دەڵیت، "ئەمە بەنزینە 800 دینارییەکەیە و کوالێتییەکەی بەمجۆرەیە." 

 

لەوبارەیەوە کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە "ناس کورد"ی وت، "ئاگاداری ئەو دۆخەین و تەنانەت هەندێک لە بەنزینخانەکان چۆڵن و خەڵک ناچێت بەنزینەکە وەربگرێت." 

 

وتیشی، "لە سبەینێوە دەست بە بەدواداچوون دەکەین و لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاش باسی لێوە دەکەین، پێویستە ڕوونکردنەوە بدرێت کە دەڵێن کوالێتی بەنزینەکە باشە، ئەی بۆچی بەوشێوەیەیە." 

 

ڕوونیشیکردەوە، "ئەگەریش بزانین هەر لە ئەساسدا بەنزینەکە خراپە بۆ هاووڵاتیانی ئاشکرا دەکەین و داواش لە حکومەت دەکەین کە دابەشی نەکات، چونکە ئەگەر بەوشێوەیە بێت زیانی لە قازانج زیاترە."