ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر هەشت ڕێکاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆلێرا ڕاگەیاند و دەڵێت، لەم ماوەیەدا خواردنی دەرەوە و خۆراكی سەردانەپۆشراو بەكار مەهێنن و تا دەتوانن لە ماڵەوە نان بخۆن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هاوڵاتی خۆشەویست؛
بۆ ئەوەی تۆوشی سکچوونی توند (کۆلێرا) نەبی پێویسته ئەم خاڵانە پەیڕەو بکەیت،
۱- ئەم ماوەیەدا خواردنی دەرەوە، خۆراكی سەردانەپۆشراو بەكار مەهێنە. تا دەتوانیت ژەمی نانخواردنت لە ماڵەوە بێت.
۲- پێش نانخواردن و پاش چوونە توالێت، بە ئاو و سابوون بۆ ماوەی ۲۰ چركە دەستەكانت بشۆ.
۳- دوور بكەرەوە لە بەكارهێنانی ئاوی بەلووعە، بەڵكو ئاوی ئامادەكراو کولێندراو بەكاربهێنە بۆ خواردنەوە،( ئامادەكردنی خواردن، ددان شووشتن و قاپ شووشتن).
٤- تا دەتوانیت لەم كاتەدا خواردنی دەریایی وەك ماسی مەخۆ، ئەو خواردنانەشی لە ماڵەوە ئامادەی دەكەیت وەك گۆشت، بەشێوەیەكی باش بکولێندرێت و بەگەرمی بخورێن.
٥- بۆ ماوەیەكی كاتی خۆت لە مەلەوانیكردن لەناو مەلەوانگە و چەمەكان بپارێزە.
٦- لە كاتی سكچوون و ڕشانەوە گیراوەی Rice_based ORS بەكار بهێنە، هەر كیسێك بخەرە ناو لیترێك ئاوی كوڵێندراو و لەدوای هەموو سكچوونێك، پەرداخێكی لێ بخۆرەوە تا قەرەبووی ئەو كانزا و ڤیتامینانەت بۆ بكاتەوە كە لێت ڕۆیشتووە.
۷- ئەگەر گیراوەی ORS بەردەست نەبوو، دەتوانیت نیو كەوچكی چا (خوێ) لەگەڵ شەش كەوچكی چا (شەكر) بخەیتە ناو لیترێك ئاوی كوڵێندراو و گیراوەیەكی لێ دروست بكەیت. لە پاش هەر سكچوون و ڕشانەوەیەك پەرداخێكی لێ بخۆرەوە.
٨- ئەگەر سكچوون و ڕشانەوەكەت لە ڕادەبەر بوو، بەجۆرێك توانای خواردن و خواردنەوەت نەما و تەواو شەكەت بوویت، باشترە لە ماوەی( ۲٤ )سەعاتدا سەردانی نزیکترین دەزگای تەندروستی بكە بۆ بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنین لەگەڵ پزیشكی تایبەتمەند.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر
٢٠٢٢/٦/١٩