گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’دوو مەرجى پارتى’’ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگى ئاشکراکرا

2022.06.19 - 16:40
App store icon Play store icon Play store icon
’’دوو مەرجى پارتى’’ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگى ئاشکراکرا

ناس کورد-

 

دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت دانوستان لەگەڵ هێزە شیعەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو دەستپێبکات و دوو مەرجى هەیە بۆ هەر رێککەوتنێک لەو بارەیەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتێکى دەنگى ئەمەریکا (19-6-2022)، پارتی لیژنەیەکی لە فواد حسێن وەزیری دەرەوە و fەنگین ڕێکانی بۆ گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە شیعەکان پێکهێناوە، دەشیەوێت لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی لەسەر کێشەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە ماوەی چەند مانگێکە مایەی ناکۆکی یە لە نێوانیان ڕێکبکەوێت.

 

شوان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، وتى "دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر، پارتی دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنە کوردیەکان وەرەقەیەکی هاوبەشمان هەبێت و پێکەوە بچینە دانوستان لەگەڵ هێز و لایەنە شیعەکان، تا ئێستاش پارتی پێداگیرە لەسەر خواستە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان."

 

بەپێی راپۆرتەکە، عەرەبی سونە نایانەوێت هاوشێوەی سەدر دەستبەرداری پۆستە حکومی و پەرلەمانیەکانیان ببن، هەروەک پارتی دیموکراتی کوردستانیش چەند مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق داوەتە لایەنە شیعەکان.

 

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا وتی "مەرجی یەکەمی پارتی، ڕاگرتنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقە دژی نەوت و گازی هەرێم، تا ئەوکاتەی دەگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش."

 

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، مەرجی دووەمی پارتی ئەوەبووە، گەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەدرێتە یەکێتی، نابێت بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەکە کاندید بکرێتەوە، لەبەرامبەر ئەو پۆستەشدا، پۆستە سیادی و وەزاریەکان بۆ پارتی بن."

 

ئامادەبوونی پارتی بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆک کۆمار بە مەرج، لە کاتێکدایە پێشتر ئەو حیزبە داوای پۆستەکەی دەکرد، بەڵام هێشتا وەڵامی هێزە شیعەکان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوون نیە.

 

شوان محەمەدی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، لە بارەی مەرجەکانی پارتییەوە بۆ لایەنە شیعەکان وتی"ڕاگرتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی نەوت و گازی هەرێم، خواستی حکومەتی هەرێم و دەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە."

 

لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیش، شوان محەمەد وتی"پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەگەڵ یەکێتی قسەی هەیە، پێموایە لەکۆتاییدا دەگەینە ڕێککەوتن، پۆستەکە بۆ یەکێتی بێت و پارتی چی ببات، یاخود بۆ پارتی بێت و یەکێتی چی ببات، لەگەڵ یەکێتی لەیەکتێگەیشتن هەیە و لەکۆتاییدا دەگەینە ئەنجامێک."