ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە ئەنجامی تۆمارکردنی ٢٧ سکاڵا کە زۆربەیان لەلایەن ڕەگەزی مێوە بوون بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان و تاوانی سۆشیال میدیا، لە ئەنجامدا لە ماوەی پێنج مانگدا ٣٨ کەس دەستگیرکراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی (یەکشەممە ١٩-٦-٢٠٢٢) ڕایگەیاند، "لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ڕێنمایی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەگژداچونەوی توندوتیژی دژ بە ژنان و ڕێگریکردن لەمەترسی پەرەسەندنی ئەم جۆرە تاوانانە دۆزینەوەی بکەرانی تاوانەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران ، بەفەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی ( ٢ ) لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان و تاوانی سۆشیال میدیا، لەدوای تۆمارکردنی ( ٢٧ ) سکاڵا لەلایەن هاوڵاتیانەوە کە زۆربەیان لەڕەگەزی ( مێ ) و تۆمار کردنی ( ٢ ) سکاڵا وەک مافی گشتی، توانرا لەماوەی ( ٥ ) مانگدا لە نێوان ٢٠٢٢/١/١ تاوەکو ڕۆژی ٢٠٢٢/٥/٣١ ( ٣٨ ) تۆمەتبار دەستگیر بکەن سەرجەمیان لە ڕەگەزی ( نێر ) ن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە نێو دەستگیرکراوەکاندا کەسانێکی تێدایە زیاتر لە تاوانێکی ئەنجامداوە، تۆمەتباران بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و ڕووبەڕوی یاساکراونەتەوە."
ئەوەشی خستووەتەروو، " لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین هێزەکانمان هەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و ئەو کەسانەی کە بەهەر شێوەیەک و لەژێر هەرناوێکدا بیانەوێت تاوانێک ئەنجام بدەن، بەتایبەتی ئەوانەی کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجامدەدەن."