ناس کورد-
بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا دەدات و دەڵێت، ڕێژەی تووشبوون لە1%ەوە بەرزبووەتەوە بۆ 5%.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ماوەی سێ ڕۆژە تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی لە هەڵكشان كردووە بە جۆرێك ڕێژەی تووشبوون لە1%ەوە بەرزبووەتەوە بۆ 5% و ساڵی ڕابردووش لە وەرزی هاویندا ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا زیادیكردبوو.
د.ڕەهیڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم (شەممە 18-6-2022) بە میدیای یەکێتیی ڕاگەیاند، "بەپێی داتاكان ماوەی چەند ڕۆژێكە تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی لە هەڵكشان كردووە بە جۆرێك پێشتر ڕێژەی تووشبوون 1% بووە و ماوەی چوار ڕۆژە تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی هەڵكشان كردووە و ڕێژەكە بەرزبووەتەوە بۆ 5%."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ساڵی ڕابردوو لە وەرزی هاویندا تووشبوون بەكۆرۆنا ڕووی لە هەڵكشان كرد و گۆڕدراوی كۆرۆنا و چالاكبوونیان پەیوەندی بە وەرزی گەرما و سەرماوە نییە، بەڵكو وەرگرتنی ڤاكسین و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانەوە هۆكارە بۆ بەرگرتن لە تووشبوون بە كۆرۆنا و ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندبوو كە كۆرۆنا كۆتایی نەهاتووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پێدانی ڤاكسین بە هاوڵاتییان بەردەوامە هەر كەسێك سەردانی فەرمانگەكان بكات دەبێت كارتی ڤاكسینی پێبێت و بۆ گەشتكردنیش دەبێت كارتی "ڤاكسین"یان پێبێت و هەندێك وڵات داوای پشكنینی(PCR)یش دەكەن."