گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لەبارەی دروستبوونی قەیرانی خۆراک لە سلێمانییەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

2022.06.18 - 20:13
App store icon Play store icon Play store icon
لەبارەی دروستبوونی قەیرانی خۆراک لە سلێمانییەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

ناس کورد-

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی ڕەتیکردەوە، وتبێتی لە سلێمانییەوە بەرهەمی ناوخۆ بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەنێرن و دەڵێت، قسەکانی دەستکاری کراوە، دەشڵێت، لەبازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق تاکو ئێستا ھیچ کێشە و گرفتێکی کەمی خۆراک نیە و گەنجینەکان پڕن لە کاڵا و شتومەک.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەرۆکی ژووری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی (شەممە 18-6-2022) ڕایگەیاند،"داوایی ئەوەی ڕۆژنامەنوسێک لێدوانی لێوەرگرتم لەبارەی کێشەی خۆراک لە جیھاندا، لەکاتی بڵاوکردنەوەیدا بەداخەوە قسەکانم دەستکاری کرابوو وەک خۆی بڵاو نەکراوەتەوە”.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە لێدوانەکەدا من وتم بەشێک لە بازرگانان و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق نێودەوڵەتین “ھێمای بازرگانیان” ھەیە کاڵا و شتومەک لە وڵاتانی جیھان دەکڕن ھاوردە دەکەن بۆ عێراق یاخود دەیفرۆشن بە وڵاتێکی دیکە، لە ئێستاشدا بەھۆی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، خواست لەسەر کاڵا و شتومەک و خواردەمەنی زیادی کردووە، داوا لە کۆمپانیا جیھانییەکان کراوە کاڵا و شتومەکی زیاتر بنێرن بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئێمە نەمان وتووە لە سلێمانییەوە بەرھەمی ناوخۆ دەنێرین بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بە داخەوە قسەکان دەستکاری کراوە”.

 

سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی جەخت لەوەش دەکاتەوە، "لەبازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق تاکو ئێستا ھیچ کێشە و گرفتێکی کەمی خۆراک نیە و گەنجینەکان پڕن لە کاڵا و شتومەک”.



ئاماژەی بەوەشدا، ھێمای بازرگانی واتا ئەو براندەی لەسەر ئاستی جیھان تۆمار کراوە و دەتوانێت کاڵا و شتومەک بۆ سەرجەم وڵاتانی جیھان بنێرێت، لە ھەرێمی کوردستانیش چەندین بازرگانمان ھەیە کە ھێمانی بازرگانیان ھەیە و دەتوانن کاڵا و شتومەک بە سەرجەم وڵاتانی جیھان بفرۆشن، بۆ نمونە، بازرگانێک لەبواری برنج کار دەکات ھێمای بازرگانی ھەیە، کە برنجەکە لە ھیندستان دەکڕێت ئازدە لەوەی دەینرێت بۆ عێراق یاخود بە وڵاتێکی دیکەی بفرۆشێت.