ناس کورد-
بەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لەبارەی کواڵێتی بەنزینی 800 دیناری ڕوونکردنەوە دەدات و دەشڵێت، ھەندێک کەموکوڕی ھەیە لە گەشتنی بەنزین بۆ بەنزینخانەکان و لە ئێستادا لە ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد حەسیب، بەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە میدیای فەرمیی یەکێتی (18ی حوزەیرانی 2022) ڕایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە دەستیانکردووە بە دابەشکردنی بەنزینی 800 دیناری و ھەندێک کەموکوڕی ھەیە لە گەشتنی بەنزین بۆ بەنزینخانەکان و لە ئێستادا لە ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە تا ھاوڵاتیان لە بەیانی زوەوە لە سەرەی بەنزیندا نەوەستن و ژمارەی بەنزینخانەکانیش کەمدەکەنەوە.
لەبارەی کواڵێتی بەنزینەکەشەوە وتی، پێش دابەشکردنی پشکنینیان بۆ بەنزینەکە کردووە و لە پشکنینەکاندا دەرچوون و زیانی بۆ ژینگە و تەندروستی نییە و بەنزینێکی نۆرماڵی ئاساییە، نەک موحەسەن.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکرێت ئەو بەنزینەی بە 800 دینار دابەشدەکرێت بەنزینی 690 دینارییە بەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی رونیکردەوە، ئەو قسانە ھیچی راست نییە و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغداد دەتوانن تەئکید بکەنەوە لە وەزارەتی نەوتی عێراق بزانن بەنزینی 690 دینارییە.
ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا بەنزینی 690 دیناری تەنھا لە ھەولێر و دھۆک دابەشدەکرێت و داوامانکردووە بەشی سلێمانیش بدرێت و چاوەڕێی وەڵامن، بەڵام دابەشکردنی بەنزینی 800 دیناری بەردەوام دەبێت.