گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بە تەنها شەڕی زیادەڕۆیی دەکات.. پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هێزی بۆ نانێرن

2019.07.31 - 16:51
App store icon Play store icon Play store icon
بە تەنها شەڕی زیادەڕۆیی دەکات.. پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هێزی بۆ نانێرن

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد - شەهرام عەزیز لە ناحیەی وارماوەی سەربە پارێزگای سلێمانی ڕووبەرێکی زۆری زەوی داگیرکراوە و کراوە بە پڕۆژەی شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵات و پاش سێ مانگ لە هەوڵدانی بەڕێوەبەری ناحییەکەش بۆ ڕێگری و ڕوخاندنی، هیچ لایەنێک هاوکاری نەکردووە. هەرچەندە لەلایەن داواکاری گشتی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیشەوە، فەرمانی ڕووخاندنی پڕۆژەکە دراوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندنین بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوەش، حکومەتی خۆجێی سلێمانی بە کەمتەرخەم دەزانێت لە ئاست بابەتەکە. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەى دەستی ناس کورد کەوتووە، لە دوو مانگی ڕابردوودا، چەند کەسێک لە ناحیەی وارماوە هەستاون بە دروستکردنی چەند شوێنێک بەبێ مۆڵەت، کە گوایە دەیکەن بەشوێنی بەخێوکردن و کرین و فرۆشتنی ئاژەڵ، بەڵام بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوە کە ناوی زیادەڕەوکارانیشی تێدایە، بڕیاری ڕاگرتن و ڕووخاندنی پڕۆژەکە دراوە. . لەو نوسراوەی بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوەدا کە لە بەرواری 30ی مانگی ڕابردوودا دەرچووە ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەو پارچە زەوییە موڵکی وەزارەتی داراییە و "حیجز"یشی لەسەرە، واتە هەموو مامەڵەیەک پێوەی قەدەغەیە، هەروەها هیچ کەسیش داوای دروستکردنی مەیدانی ئاژەڵی نەکردووە لە ناوچەکە، بەڵکو لە پشت ئێمەوە هەندێک مامەڵەی نایاسایی کراوە، هاوکات ئەوانەی پڕۆژەکە دروست دەکەن، خەڵکانی وەهمین و کەس نازانێت بە فەرمی پڕۆژەکە هی کێیە". پاش ئەوە کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوە داواکەی بردووەتە داواکاری گشتی سلێمانی و ئەوانیش بە بڕیاریک لە بەرواری 2ی تەموزی 2019، فەرمانیان کردووە، ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر و هێز بنێردرێت بۆ ڕێگەگرتن لەو کارە زیادەڕەوە. هەرچەندە بەڕێوەبەری ناحییەکە و داواکاری گشتی سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش پڕۆژەکە بە نایاسایی دەزانن، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت ئاسایش و پۆلیسی ناحییەکە ئامادەنین بە لابردنی پڕۆژەکە و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت: " گومانم هەیە کە بەپرسێکی ئەمنی لە پشت کارەکەوە بێت".   https://www.youtube.com/watch?v=j1bMvElOdFY
بە وتەی بەڕێوەبەری ناحییەی وارماوە، لە ئێستادا لە نزیک پرۆژەکە شوێنێک دروستکراوە و هێزێکی چەکداری تێدا دانراوە بۆ پارێزگاریکردن لەو کارە نایاساییانەی کردوویانە لە ڕێگەی هێزەوە.
.کامەران عەبدوڵا، گلەیی حکومەتی خۆجێیی سلێمانیش دەکات و دەڵێت: " پێم سەیرە تائێستا لە ئاست ئەو بابەتەدا بێدەنگن و هەرچەندە ئاگاداریشم کردوونەتەوە لێی، بەڵام تائێستا هیچ هەڵوێستێکییان نەبووە".