کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز یەکێتی پۆستی فەرماندەی هێزەکانی 70ی لەنێوان چەند کاندیدێکدا یەکلاکردەوە، مستەفا چاوڕەشی وەک فەرماندەی ئەو هێزە دیاریکرد. . مستەفا چاوڕەش، کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بە فەرمانێک کە لەلایەن کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری یەکێتییەوە دەرچووە، دیاریکراوم بۆ فەرماندەیی هێزەکانی 70، ئەوەش دیارە بە ڕەزامەندی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بووە". . سەبارەت بە کاتی دەستبەکاربوونیشی، بەرپرسە نوێکەى هێزەکانی 70 ئاماژەی بەوەکرد: "تائێستا شێخ جەعفەر لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکارنەبووە و هەر لە فەرماندەیی گشتی هێزەکانی 70یە، هەرکات ئەو دەستبەکاربوو، منیش دەستبەکاردەبم". . مستەفا چاوڕەش جەختیشیکردەوە، کاری لەپێشینەی ئەوەیە، هەوڵدەدات هێزەکانی 70ی یەکێتی و 80ی پارتی یەکبگرنەوە و ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ سەرخستنی ئەو هەوڵە لە کابینەی نوێی حکومەتدا. . ئەمەلەکاتێکدایە، جەعفەر شێخ مستەفا، کە فەرماندەی هێزەکانی 70یە، بە فەرمی لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم دیاریکراوە وچاوەڕوانی دەستبەکاربوونییەتی. . جەعفەر شێخ مستەفا پێشتر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، بۆ دەستبەکاربوونی چاوەڕوانی فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمە و تائێستا ئاگادار نەکراوەتەوە کە کەی دەستبەکاردەبێت. . .