ناس کورد-
لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، زیندانییە گەنجەکەى چاکسازیی گەورانى سلێمانى کە گیانى لەدەستدا پێویستى بەوە بووە گورچیلەى بۆ بچێنرێت و داوا لە برایەکى دەوڵەمەندى کراوە هاوکارى بکات، بەڵام ئەو نەچووە بەدەمییەوە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
گوڵستان سەعید ئەندامى لیژنەکە (14-6-2022) لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا وتى "زیندانییەکە گورچیلەیەکى لەدەستداوە و گورچیلەیەکى دیکەشى 10% کاریکردووە، برایەکى کە یەکێکە لە گەورە دەوڵەمەندانى سلێمانى ئاگادارکراوەتەوە کە دۆخى براکەى خراپە و پێویستى بە هاوکارى ماددیە بۆ ئەوەى گورچیلەى بۆ بچێنرێت".
وتیشى "براکەى نەچووە بە هانایەوە تا گورچیلەى بۆ بگۆڕن، بۆیە نێردراوەتە نەخۆشخانەى حکومى و پێشتریش چارەسەرى لەو شێوەیەى بۆ کراوە، بەڵام بەهۆى سستى گورچیلەکانى گیانى لەدەستداوە".
لاى خۆیەوە، بەدریە ئیسماعیل ئەندامى لیژنەکە باسى لەوەکرد، ئەو گەنجە توشى پەتاى سکچوون بووە و بەهۆى وشکبوونەوەى جەستەیەوە گورچیلەى وەستاوە و گیانى لەدەستداوە پێشتریش کێشەى گورچیلەى هەبووە.