گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

دادگای سلێمانی کەسوکاری تاریقی بەقاڵ تۆمەتبار دەکات

2022.06.13 - 21:44
App store icon Play store icon Play store icon
دادگای سلێمانی کەسوکاری تاریقی بەقاڵ تۆمەتبار دەکات

ناس کورد-

سەرۆكایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی دادگەی سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کەسوکاری تاریقی بەقاڵ "سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی روونكردنەوەکەی سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی:

  

جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە..

 بۆیە بۆ هەموولایەكی روون دەكەینەوە كە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە و دۆسیەكەیان رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوە، وە جێبەجێی كردنی سزاكە پەیوەندی بە دادگاوە نییە و لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.

  

ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبووە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئوتومبیلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازة اموال مسروقة) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە.

 

هەر ئەمڕۆ دادگایی چەندین تاوانكار و تۆمەتبار لە دادگاكانی سلێمانی بەڕێوەچووە و كەسوكاری تاوانلێكراوان بەوپەڕی رێز و شكۆوە لە دادگا و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان روانیوە و پرۆسەكە بەشێوەیەكی یاسایی رێكوپێك بەڕێوەچووە.. بەپێچەوانەی كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەموو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەموو لایەك كردووە، بەڵام رەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەكەیان كراوە و چاوپۆشییان لێكراوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەك هەموو جارێك سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون، بەو کەرەستانەش لەبەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە كە بەڤیدیۆ كۆی رووداوەكان بەردەستە و حەڵەتەكەی ئەمڕۆش كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی ئەوان بووە.

 

سەبارەت بە دەستگیردنیشیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (٢٣٠)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تا رۆژی دادگایی.

 

ئەو حاڵەتی لێدانەش كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە رەفتارێكی کەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسەندی ناكات بە نەخوازراوی دەزانێت و ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتە بەر، بەڵام ناكرێت حاڵەتەكە بگشتێنرێت بەسەر هەموو پۆلیس و پاسەوانەكانی دادگادا كە ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاووڵاتیان و شكۆی دادگایە.

  

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی 

٢٠٢٢/٦/١٣