گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

پۆلیسی هەرێم لەبارەی ئەفسەر و کارمەندە ئەمنییەکانی دادگای سلێمانی بڕیارێکی دەرکرد

2022.06.13 - 18:25
App store icon Play store icon Play store icon
پۆلیسی هەرێم لەبارەی ئەفسەر و کارمەندە ئەمنییەکانی دادگای سلێمانی بڕیارێکی دەرکرد

ناس کورد- 

وتەبێژی پۆلیسی هەرێم ڕایگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم بڕیاری دا ئەنجومەنی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکبهێنێت و دەشڵێت، وەزیری ناوخۆ هاتووەتەسەر خەت و ئەو ڕەفتارە بەهیچ شێوەیەک ئاسایی نییە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

موقەدەم کارزان ئەمیر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا (دووشەممە 13-6-2022) ڕایگەیاند، "هەر لەگەڵ گەیشتنی ڤیدیۆکە بە دەستمان و بینینیمان، ڕاستەوخۆ وەزیری ناوخۆ  و بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، بۆ زانینی ئەوەی کە وردەکاریی ڕووداوەکە چۆن بووە." 

 

وتیشی، "دەستبەجێ بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم پەیوەندیی بە پۆلیسی سلێمانییەوە کرد و بڕیاریدا بە دروستکردنی ئەنجومەنێکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە و ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی لە ڕووداوەکەدا بەشدار بوون." 

 

سەبارەت بەوەی ئەو هێزە، پۆلیس بوون یاخود ئاسایش، وتەبێژی پۆلیسی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، "لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لیژنەی لیکۆڵینەوە پێکهێنراوە، جارێ ناتوانین بڵێین کە وردەکاریی ڕووداوەکە چۆن بووە." 

 

باسی لەوەشکرد، "ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت، بەهیچ شێوەیەک ئاسایی نییە، هێزە ئەمنییەکان ئەرکیان پاراستنی خەڵکە، ئێستاش سەرجەم ئەو ئەفسەر و کارمەندە ئەمنییانەی لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتوون لەئێستادا ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت تاوەکو بزانین کێ هۆکاری سەرەکیی نانەوەی ئەو پشێوییە بووە." 

 

هاوکات لەبارەی سزای ئەو کەسانەی کە بەو جۆرە مامەڵە دەکەن، وتەبیژی پۆلیسی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە دادگای سەربازیمان هەیە و سزای بۆ کەمتەرخەمی کارمەند و ئەفسەری ئەمنی هەیە، سزای قورس و سزای سوکیش هەن، تاوەکو لێکۆڵینەوە تەواو نەبێت، نازانین سزاکە چییە."