کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد بەپێی نوسراوێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە تایبەت دەست ناس نیوز کەوتووە، یەکێتی نیشتیمانی بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی سێ کاندیدی دیاریکردووە. . نوسراوەکە 10ی تەمموزی 2019، لە لایەن لیژنەی ئاڵوگۆڕی پۆستە حکومییەکان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران و بەدیارییکراوی ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کراوە، تێیدا داوای ئەنجامدانی ڕێکاری ئیداری پێویست بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە کراوە. . لە نوسراوەکەدا هەریەکە لە ئەکرەم شەریف جێگری پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی، ئاوات مستەفا حەمەڕەش و کارزان جیهان بەخش محەمەد وەک کاندید بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی دیاریکراون. . بەپێی ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی بۆ حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئەگەر پۆستی پارێزگار لای گۆڕان بێت دەبێت جێگرەکەی لای یەکێتی بێت، بە پێچەوانەشەوە. . سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند ئەگەری ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا لاوازبووە و هەربۆیە یەکێتی بۆ پڕکردنەوەی پۆستی جێگری پارێزگار ناوی کاندیدەکانی ئاڕاستەی حکومەت کردووە. . سەرچاوەکەی ناس کورد ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەری بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستەکە ئەکرەم شەریف دەبێت بەوپێیەی پێشتریش بۆ چەند پۆستێکی جیاواز لەلایەن یەکێتیەوە کاندید کراوە. . پیشتر عومەر قەڵادزەیی، لە پشکی یەکێتی نیشتیمانی جێگری پارێزگاری سلێمانی بوو بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە خانەنشینکراوە و لە ئێستادا ئەو پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوە. .