گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵبژاردن

پارتى رازى بوونى لەسەر فرە بازنەیی راگەیاند

2022.06.09 - 11:30
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى رازى بوونى لەسەر فرە بازنەیی راگەیاند

ناس کورد-

 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئامادەیی حزبەکەى راگەیاند، بۆ نەرمى نیشاندان لەبارەى دابەشکردنى هەرێم بەسەر چوار بازنەدا بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هۆشیار سیوەیلی لەلێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا بۆ "رووداو" وتى "ئەگەر بابەتی یەکبازنەیی و فرەبازنەیی ببێتە بەربەستی سەرەکیی ئەنجامدانی هەڵبژادن، پارتی ئامادەیە نەرمی بنوێنێ و بە چوار بازنەیی رازی دەبێت".

 

وتیشى کۆبوونەوەی ئەمڕۆى لایەنەکان لەسەرۆکایەتى هەرێم گرنگە و چاوەڕێدەکرێت لایەنەکان بگەنە خاڵی هاوبەش و زەمینەیەکی لەبار بۆ رێککەوتن بێتەئاراوە.

 

لەئێستادا لایەنەکانى هەرێم لەبارەگاى سەرۆکایەتى هەرێم و بەبەشدارى نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لەکۆبوونەوەدان بۆ رێککەوتن لەسەر کێشەکانى پەیوەست بە هەڵبژاردن.

 

بەپێی فەرمانى هەرێمى سەرۆکایەتى هەرێم بڕیارە لە 1-11-2022 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆى کێشەى نێوان لایەنەکانەوە ئەگەرى بەهێز ئەوەیە دوابخرێت.  

 

بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار بۆ "ناس کورد" ئەگەر هەیە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان شەش مانگ دوابخرێت و لە ئایارى 2023 ئەنجام بدرێت.  

 

سەرچاوەکە کە داوایکرد ناوى نەهێنرێت (9-6-2022) وتى "ئەگەر هەیە هەڵبژاردن بچێتە ئایاری 2023".  

 

کێشەى لایەنەکان پەیوەستن بە یاساى هەڵبژاردن، کۆمسیۆن و تۆمارى دەنگدەران و کورسی کۆتاکان و لایەنەکان تا ئێستا نەگەیشتوون بەڕێککەوتن لەبارەیانەوە.  

  

بەوتەى بەرپرسان، لەئێستادا کێشەکە لە کورسى کۆتاکان چڕ بووەتەوە و پارتى داوادەکات وەکو پێشوو بمێنێتەوە، بەڵام لایەنەکانى تر داوا دەکەن گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.  

  

دوا هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018 بەرێوەچووە و لە هەمان بەرواری 2022 چوار ساڵ بەسەریدا تێپەڕ دەكات.