ناس کورد-
وەزیرى ناوخۆى هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەى سەرچاوەى هێرشەکەى هەولێر و پێیانوایە سەرچاوەکەى هەر لەو شوێنەوەیە کە پێشتر هەڕەشە لە هەولێر کراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێبەر ئەحمەد (8-6-2022) لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتى "هێرشەکە لەڕێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و درۆنى بۆمبڕێژکراوەوە بووە و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون کە تەندروستیان جێگیر نییە".
وتیشى "ئەم رووداوە چەندینجارە دوبارە دەبێتەوە لەلایەن چەند گروپێک کە لە یاسا بەدەرن و هەڕەشەیان کردووە کە هەولێر دەکەنە ئامانج".
ڕێبەر ئەحمەد باسى لەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ زانینى سەرچاوەى هێرشەکە و لەگەڵ بەغداش لەسەر هێڵن لەو بارەیەوە و سەرۆکى حکومەت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق قسەیکردووە کە بە هەوڵى هاوبەش سەرچاوەى هێرشەکە بدۆزرێتەوە و ئەنجامدەرانى بگەیەنرێتە دادگا.
"نازانین ئامانجى فڕۆکەکە چى بووە، بەڵام لە شوێنێکى مەدەنى کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە زیان بە سێ ئۆتۆمبێلى هاوڵاتییانى مەدەنى کەوتووە..سەرچاوەى هاتنى درۆنەکە هەر شوێنەکانى پێشوو بووە کە هەڕەشەیان لەهەولێر کردووە"، رێبەر ئەحمەد وایوت.