گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری بزانە

لەسەر شێوازی فیلمەکانی هۆڵیوود دزییەکی گەورە لە بانکی میلیی ئێران کرا

2022.06.07 - 13:01
App store icon Play store icon Play store icon
لەسەر شێوازی فیلمەکانی هۆڵیوود دزییەکی گەورە لە بانکی میلیی ئێران کرا

ناس کورد-

لە دیمەنێکی هاوشێوەی فیلمەکانی هۆڵیوود، میدیاکانی ئێران هەواڵیان دا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 250 سندووقی ئەمانەت لە لقی بانکی میلیی ئێران لە بەرامبەر زانکۆی تاران لەلایەن چەند کەسێکەوە دزراوە، هاوکات باس لەوە دەکرێت کە بەڕێوەبەری بانکەکە لە کاتی دزییەکەدا گوێی بە ئاگادارکردنەوەکان نەداوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   



دوێنێ دووشەممە بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کرد کە لە ماوەی سێ ڕۆژ پشووی فەرمیدا بەبۆنەی کۆچی دوایی خومەینی، دزی لە لقی "ممتاز"ی بانکی میلی کراوە کە دەکەوێتە شەقامی "انقلاب"ی تاران و باس لە دزران و بەتاڵانبردنی شتومەکی ناو نزیکەی هەزار سندووق کراوە.

 

بەڵام دواتر بەشێک لە میدیاکانی ئێران "دزرانی هەزار سندووقیان" ڕەت کردەوە، ماڵپەڕی ئیسنا کە بەشێکە لە میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران دەڵێت زیاتر لە 200 سندووق دزراوە، بەڵام ماڵپەڕی "میزان" و "مهر" ژمارەی سندووقە دزراوەکان بە نزیکەی 250 سندووق مەزەندە دەکەن.

 

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکان، دزەکان بەشێک لە کەلوپەلی ژووری سێرڤەر و کامێراکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

 

بانکی میلیی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکی کورتدا بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکەی دەڵێت، "لەو ڕووداوەدا زیانێکی سنووردار بە سندووقەکانی ئەمانەت گەیشتووە و بابەتەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت."

 

عەلی ولی پور گودەرزی، سەرۆکی پۆلیسی هەواڵگریی تاران ڕوونکردنەوەی زیاتری نەدا و تەنیا گوتی کە ڕێکارە پێویستەکان دەگیرێتەبەر و "چەند کەس لە فەرمانبەرانی بانکەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و دەرکەوتووە کە کەموکورتی و ئاسانکارییان هەبووە."

 

ئاژانسی هەواڵیی "مهر" لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاریی زیاتری لەبارەی ئەو ڕووداوە خستووەتەڕوو و دەڵێت، "سیستەمی ئاگادارکردنەوەی بانک پەیوەستە بە مۆبایلی سەرۆکی لقەکەوە، مۆبایلی سەرۆکی لقەکە لەبارەی ئەو دزییەوە ئاگادارکردنەوەی پێ گەیشتووە بەڵام "بە بیانووی ئەوەی لە ڕابردوودا چەند جارێک بە هەڵە لێی داوە، بۆیە پشتگوێی خستووە."

 

دەشڵێت، "دزەکان شارەزایی ناو و دەوروبەری بانکەکە بوون چونکە دەزگای تۆمارکردنی ڤیدیۆییان لەگەڵ خۆیان بردووە، بۆیە هیچ تۆمارێکی وێنەیی و ڤیدیۆیی ئەو ڕووداوە لە بەردەستدا نییە."

 

لەبارەی ئەو پارە و شتومەکانەی کە دزراون، ئاژانسی هەواڵیی مهر دەڵێت کە بانکەکە ئاگاداری شتومەکی ناو سندووقەکان نەبووە.

 

سندووقی ئەمانەت چییە؟
بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی بانک، سندووقی ئەمانەت شوێنێکی گونجاو و پارێزراوە بۆ پاراستنی و دانانی پارە و کەلوپەلی شەخسی وەک ئاڵتوون، بەڵگەنامەی بەنرخ.

بانکەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو سندووقانە زۆر پارێزراون و پاسەوانی چەکداریی هەمیشەیی هەیە.
هەر بەپێی نووسراوی بانکەکە، "نە بانک و نە هیچ کەسێکی تر ئاگادار و زانیاری نییە لەبارەی شتومەکی ناو سندووقەکە و تەنیا و تەنیا خاوەنەکەی دەزانێت، چونکە سندووقەکان شەخسین."

image?id=381b7ef34bbb6d29625ec84e45e7ec3f728b940b-640x482.jpg&rect=37%2C0%2C567%2C482&w=600&h=510&auto=format