کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریداوە، ڕزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە، پۆستێکی نوێی پێبدرێت، کە ئەویش لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتییە. . لەوبارەیەوە ناوبراو زانیارییەکەی بۆ ناس کورد پشتڕاستکردەوە و ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی مەکتەبی سیاسیدا پێشنیازکراوە تاکاتی بەستنی کۆنگرە، من ببم بە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی". . ڕزگار عەلی، ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى وتیشی، هێشتا بەشێوەی کۆتایی بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام جگە لە ناوی ئەو هیچ ناوێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە باسنەکراوە، دەشڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی لەوبارەیەوە بڕیاردەدرێت. . ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسی هەرچەندە یەکێک بوو لە کاندیدەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام بەهۆی ڕازی نەبوونی پارتی پۆستەکەی پێنەدرا. . پێشتریش شۆڕش ئیسماعیل، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بوو، بەڵام لە دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە، پۆستەکە بە بەتاڵی ماوەتەوە. . .