کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک وردەکاری کوشتنی کوڕێک لەلایەن باوکی کچێکەوە بۆ ناس کورد دەگێڕێتەوە دوای ئەوەى لە سەربانی ماڵەکەیدا کوڕ و کچەکەى بە یەکەوە بینیوە. ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ 29ی تەموزی 2019، لە گەڕەکی واستی لە ناوەڕاستی شاری کەرکوک، کەسێک کچەکەى خۆی لەگەڵ کوڕێکی تردا لە سەربانی ماڵەکەیدا گرتووە." . وتیشی، "لەدوای بینینی هەردووکیان، باوکی کچەکە دەڕوات و چەکەکەى دەهێنێت و پاشان تەقە لە کوڕەکە دەکات و دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات، پاشان کچەکەش خۆی لە سەربانی ماڵەکەوە دەخاتەخوارەوە." ئاماژەى بەوەشکرد، "بەهۆی خۆخستنەخوارەوە، کچەکە چەند شوێنێکی بریندار بووە و شکاوە و ئێستا لە نەخۆشخانەدایە، پۆلیسی باوکی کچەکەى دەستگیرکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەى بۆ دەرکراوە."