ناس کورد-
بەگوێرەی ڕێکخراوێکی مرۆیی لەشاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەندکراوێکی سیاسی دوای سێ ڕۆژ لە ئازادکردنی لە بەندیخانە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو (یەکشەممە 29-5-2022) ڕایگەیاند، "بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی کرماشان بە ناوی سیاوەش بەهرامی تەمەن 29 ساڵ دوێنێ شەممە سێ ڕۆژ دوای ئازادبوونی لە بەندیخانەی پاوە لە ڕێگای خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "تاوەکو ئێستا زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری خۆکوشتنی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە بەر دەستدا نییە و تەرمەکەی هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە."
ئەو ڕێکخراوە دەڵێت، " سیاوەش بەهرامی پەیڕەوی ئایینی یارسان و دانیشتووی گەڕەکی دەرە درێژی کرماشان، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو کاتێک ویستوویەتی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات لە سنووری نەوسوود لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و تا هەفتەی ڕابردوو کە ئازاد کراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری پاوە بەندکراوە."
ئەوەشی خستووتەڕوو، "سیاوەش بەهرامی پێشتر بۆ ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕابووەوە بۆ شاری کرماشان."