ناس كورد-
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی لەچەند کچێک کردبوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا (28ی ئایاری 2022) دەڵێت، دوای ئەوەی کچێک لەبنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ سکاڵای یاسایی لەسەر کوڕێک تۆمارکرد کە ھەڕەشەی لێکردووە بەبڵاوکردنەوەی چەند وێنەو گرتەیەکی ڤیدیۆیی، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد.
دەشڵێت، ”پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتبار (ھ، م، ق) لەدایکبووی 1987 لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت.”
”دوای لێکۆڵینەوەکان و لەکاتی پشکنینی موبایلەکەیدا، دەرکەوت کە تۆمەتباری ناوبراو، سوکایەتی و ھەڕەشەی لەچەندین کچی تر کردووە.”
جەختیكردووەتەوە كە ”تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.”