گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

ئیسرائیل نهێنى کوشتنى ئەفسەرە باڵاکەى پاسداران بۆ ئەمەریکا ئاشکرادەکات

2022.05.26 - 09:55
App store icon Play store icon Play store icon
ئیسرائیل نهێنى کوشتنى ئەفسەرە باڵاکەى پاسداران بۆ ئەمەریکا ئاشکرادەکات

ناس کورد-

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە کە لەپشت تیرۆرکردنى حەسەن سەیاد خودایی عەقیدى سوپای پاسدارانی ئێرانەوەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی هەواڵگرییەوە کە ناوى نەهێنراوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیلییەکان بە ئەمەریکییەکانیان راگەیاندووە کە تیرۆرکردنى ئەو ئەفسەرە هۆشدارییەکە بۆ ئێران بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی یەکەیەکی نهێنی لەناو سوپای قودس کە بە یەکەی ٨٤٠ ناسراوە.

 

بە گوێرەی رۆژنامە ئەمریکییەکە، یەکەی نهێنی سوپای قودس بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئەرکی رفاندن و تیرۆرکردنی بیانییەکانە لە سەرانسەری جیهان، لە نێویاندا خەڵکی سڤیل و کاربەدەستانی ئیسرائیلی، ئەوەش بە وتەی حکوومەتی ئیسرائیل بەرپرسانی هەواڵگری.

 

بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، عەقید سەیاد خودایی جێگری فەرماندەی یەکەی 840 بووە و دەستی هەبووە لە پلاندانان بۆ پیلانی دەرەوەی سنوورەکان دژی بیانییەکان، لەنێویاندا ئیسرائیلییەکان.

 

دەشڵێن ئەو "بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو یەکەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دراوسێی ئێران و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، دەستی هەبووە لە هەوڵی هێرشی تیرۆریستی دژی ئیسرائیلییەکان، ئەوروپییەکان، خەڵکی سڤیلی ئەمریکی و بەرپرسانی حکومەت لە کۆڵۆمبیا، کینیا، ئەسیوپیا، ئیمارات و قوبرس”.

 

لە بەرامبەردا ئێران هەرگیز دانى بە بوونی یەکەی ٨٤٠دا نەناوە.

 

ئێران ئەو عەقیدەی وەک "پاڵەوان و شەهیدێک" وێنا کرد کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا پەیوەندی بە سوپای پاسداران کرد و خۆبەخشانە وەک سەربازێک لە شەڕی ئێران و عێراقدا بەشداری کرد، هەروەها بەردەوام بووە لە بینینى ڕۆڵێکی دیار لە لە شەڕی داعش لە عێراق و سوریا.

 

بەپێی میدیاکانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، عەقید سەیاد خودایی تەمەن ٥٠ ساڵ لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی لە شەقامێکی نیشتەجێبوونی بێدەنگ لە تارانی پایتەختی ئێران، تەقەی لێکرا و دوو چەکدار بە ماتۆڕسکیلەوە لە ئۆتۆمبیلەکەی نزیک بوونەتەوە و پێنج گولـلەیان ئاڕاستەکردووە.

 

ژەنەڕاڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ڕۆژی دووشەممە لە وتارێکدا وتی "ئێمە وا لە دوژمن دەکەین کە پەشیمان بێتەوە و هیچ کام لە کردەوە خراپەکانی دوژمن بێ وەڵام نامێنێتەوە".

 

لای خۆیەوە مەجید موحەمەدی، ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەو كوشتنە "بەدڵنیاییەوە كاری ئیسرائیلە"، هۆشداریشیدا لە تۆڵەی توند. لەبەرامبەردا وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو رووداوە بدات.