گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

قوباد تاڵەبانى داوا لە یەکێتى دەکات مەرجێک بۆ دەنگدان بە کابینەى نوێ دیارى بکات

2022.05.24 - 16:19
App store icon Play store icon Play store icon
قوباد تاڵەبانى داوا لە یەکێتى دەکات مەرجێک بۆ دەنگدان بە کابینەى نوێ دیارى بکات

ناس کورد-

 

قوباد تاڵەبانى داوا لە سەرکردایەتى یەکێتى دەکات پرسی ژینگە، لەپاڵ داواكارییە رەواكانی تری وەك بودجە و موچە و پێشمەرگەو قەرەبوی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە فەرمی بکاتە مەرج بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قوباد تاڵەبانى لە راگەیەنراوێکدا (24-5-2022) داوادەکات ئەگەر حكومەتی داهاتوو لە كارنامەی خۆیدا بەڵێن نەدات پلانی زانستی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ژینگە ئامادە بكات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەكات، فراكسیۆنی یەكێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو كابینەیە بدات.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

مەترسییە ژینگەییەكان بەگشتی و خۆڵبارین بەتایبەتی، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەمساڵیش خراپتر لە هەر ساڵێكیتر كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەفتەیەك نەبووە چەند رۆژ خۆڵبارین نەبووبێت. 

 

كێشەی ژینگە تەنها خۆڵبارین نییە، كێشەی ئاویش كێشەیەكی سەرەكی عیراقەو بەپێی راپۆرت و توێژینەوە زانستییەكان لەوانەیە قەیرانی ئاو لە داهاتوودا ببێتە هۆكار بۆ ئاڵۆزی و نا ئارامی و پێكەوەژیانیش بخاتە مەترسییەوە. ئەمانەو كۆمەڵێك مەترسی دیكەی ژینگەیی..

 

بەڵام ئەوەی جێی داخ و نیگەرانییە، پرسی ژینگە بەم هەموو مەترسییەوە تا ئێستا نەبووەتە پرسی سیاسەت. هیچ لایەنێكی عیراقی ئەم پرسەی نەخستووەتە ئەولەوییەتی دووەم و سێیەمیشیەوە. لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا لە پرۆسەی دانووستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقدا لایەنەكان دونیایەك مەرجیان لەسەر یەكتر داناوەو لەسەر پۆست و ئیمتیاز و بچوكترین شتەكان ململانێی توند دەكەن، كەچی هیچ لایەنێك پرسی چارەسەركردنی كێشەی ژینگەو خۆڵبارینی نەكردوەتە مەرج، لە كاتێكدا ئێستا ئەم كێشەیە كێشەیەكی سەرەكی خەڵكی عیراق و كوردستانە و ژیانی خەڵكی تاڵكردوە.

 

لەناو ئەم خەمساردییە سەرتاپاگیرەوە دەبێت لە شوێنێكەوە هەنگاوبنێین بۆ كۆتاییهێننان بەم خەمساردییە. هەربۆیە داوا لەسەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەم، بەخۆشمەوە، دەستپێشخەربین و پرسی ژینگە، لەپاڵ داواكارییە رەواكانی تری وەك بودجەو موچە و پێشمەرگەو قەرەبوی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان…هتد، بە فەرمی بكەینە مەرج بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و ئەگەر حكومەتی داهاتوو لە كارنامەی خۆیدا بەڵێن نەدات پلانی زانستی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ژینگە ئامادە بكات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەكات، فراكسیۆنی یەكێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو كابینەیە بدات.

 

داواش لە چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی عیراقی و كوردستانی و میدیاكانیش دەكەم گرنگی زیاتر بەم پرسە بدەن و فشارەكانیان لەسەر لایەنە سیاسییەكان چڕ بكەنەوە تا بابەتی چارەسەركردنی كێشەكانی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی كاری سیاسی و حكومڕانییەوە.

كاتی ئەوەش هاتووە خۆشمان لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بە كێشە ژینگەییەكان بدەین.

دەسەڵات و دەسەڵاتدارەكان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان و خەڵك لەسەر شوێنی خۆیان دەمێننەوە، نیشتمان و ژینگە بۆ نەوەكانی داهاتووشە و نابێت رێگە بدرێت ژینگەیەكی وێران بۆ نەوەكانی داهاتوو جێ بمێنێت.