گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئاوێتە بوونی حکومەتی سێبەر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کارێکی گرنگە

چاوپێکەوتنى ناس لەگەڵ عەمار حەکیم

2019.07.28 - 20:44
App store icon Play store icon Play store icon
چاوپێکەوتنى ناس لەگەڵ عەمار حەکیم

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ناس، عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە پێی وایە، ئاوێتە بوونی حکومەتی سێبەر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن "کارێکی گرنگە"، جەختیش دەکاتەوە کە ڕەوتی حیکمە لە ئێستادا کار دەکات لەسەر دروستبوونی ئەو حکومەتە لەسەر بنچینەیەکی پتەو و تەندروست.   عەمارحەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، دەشڵێت: "لەماوەی داهاتوودا ڕەوتی حیکمە هەموو تواناکانی چڕ دەکاتەوە، لەپێناو چاودێری و بەدواداچوون بۆ کارەکانی حکومەت و هەڵسەنگاندنی".    دەقی چاوپێکەوتنەکەى ناس لەگەڵ عەمار حەکیم: ناس: دوای ڕاگەیاندنی ڕەوتی حیکمە وەک ڕەوتێکی ئۆپۆزسیۆن لە عێراقدا، لە ئێستادا چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەنگاوە دەکەن؟ عەمار حەکیم: جارێ زووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گشتگیر و بابەتی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پرسە بکەین، بەڵام پێمان وایە لەڕووی سیاسیەوە گاریگەریەکی باشی هەبووه. . ناس: پێوەرەکانی بوون بە ئۆپۆزسیۆن بە پێى دیدی ئێوە چین؟ حەکیم: ئۆپۆزسیۆن کاتێک شەرعییەتی دەبێت ئەگەر کۆمەڵێک خەڵک باوەڕیان بە دروشمەکانی هێنا، دەبێت دروشمەکانی لە هەڵقوڵاوی داواکارییەکانی گەل بێت، لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و بنبڕکردنی گەندەڵی و سەروەری دەوڵەت. . ناس: ئێوە سورن لەسەر دروستکردنی حکومەتی سێبەر؟ حەکیم: کار دەکەین بۆ دروستبوونی حکومەتی سێبەر، چونکە ئەوە کارێکی گرنگە، ڕۆڵێکی باڵای دەبێت لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی حکومەت. . ناس: ئایا ئێوە کۆکن لەسەر ئەوەی کە حکومەتەکی عادل عەبدولمەهدی، حکومەتێکی درێژخایەن نابێت، لەکاتێکدا هەندێ کەسی تریش دەڵێن ئەو حکومەتە بەردەوامی دەبێت، دەتوانێت ماوەی یاسای خۆی تەواو بکات؟.   حەکیم: تەواوکردنی ماوەی یاسایی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پاڵپشتە بە سازانی سیاسییەوە، چونکە ئەم حکومەتەی ئێستا بەرهەمی هاوکێشەی سیاسی هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی ڕابردو بوو، هەر گۆڕانکارییەکیش لە هەڵویستی یەکێک لەو هێزانە هاوکێشەکە دەگۆڕێت. . ناس: وا بڵاوبوەتەوە کە پەیوەندی نێوان ئێوە و موقتەدا سەدر ساردبوونەوەیەکی تێدا بەدی دەکرێت؟ حەکیم: پەیوەندیمان لەگەڵ برامان سەید موقتەدا، پەیوەندییەکی برایانەیە، لەوانەیە هەندێ جار ساردبوونەوەیەکی پێوە دیار بێت، هەرچەندە ئێمە لەوانەییە لە ناوەڕۆک و کرداردا جیاواز بین لەگەڵ سائیرون، بەڵام لەکۆتاییدا پەیوەندیەکی باشمان هەیە لەگەڵ سائیرون و سەید موقتەدا. . ناس: ڕاستە لە ئێستادا پەیوەندی ئێوە لەگەڵ ئێران لە حاڵەتێکى باشدا نییە؟   حەکیم: ئێران لەکاتە ناخۆشەکاندا باشترین هەڵوێستی هەبووە بەرامبەر بە عێراق، ئێمەش ئەو هەڵوێستەی ئێران بەهەند وەردەگرین، بەڵام ئێمەش لە دید و بیرکردنەوەمان ئازادین، دەبێت بەردەوام کار لەسەر فراوانکردنی ڕوبەری بەرژەوندییە هاوبەشەکانمان بکەین، نەک ڕوبەری لێکترازان. . ناس: ئایا لێدانی دەهۆڵی جەنگ لە کەنداو نزیکە؟ یاخود ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت تەنها یاریکردنە بەکات و تەنها شەڕی لێدوانە؟ حەکیم: ئەوەی دەگوزەرێت شەڕێکی بازرگانییە، ئەو شەڕەش تەنها بەرۆکی ئێرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ڕوبەڕوی وڵاتی چین و هەندێ وڵاتی دیکەش بوەتەوە، بە بۆچونی من لایەنەکان عەوداڵی شەڕ نین، چونکە ئەگەر شەڕ ڕوبدات ئاگرەکەی لە سنوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێپەردەکات و هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی پەیوەندی بە عێراقیشەوە بێت هەرلەسەرەتاوە داوامانکردووە عێراق ستراتیژی خۆی هەبێت لە چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرێکی ڕودانی جەنگدا، دەبێت عێراق پارێزگاری لە بێ لایەنی خۆی بکات، پێشی نەخزێتە بەرەی هیچ لایەنێکەوە، دەبێت بەپێى بەرژەوندییە نیشتمانییەکانی خۆی مامەڵە لەگەڵ ململانێی ناوچەکەدا بکات. . .