کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح بەوتەی ڕاوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ، کێشەی کەرکوک تەنها بە سازانی سیاسی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا چارەسەر دەکرێت، لە هەفتەی ئایندەشدا کۆبونەوەیەکی گرنگ لە نێوان شاندی پارتی و یەکێتی و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو شارە لە بەغداد ئەنجامدەدرێت. . شوان داودی، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بەناس کوردی ڕاگەیاند:" بڕیار وابوو پێنجشەممەى داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندی پارتی و یەکێتی و پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک لە بەغداد ئەنجامبدرێت، بەڵام لەسەر داواکاری کورد کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ هەفتەیەکى تر. . بەوتەى داودى، لە ماوەی ڕابردوودا و لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراقی چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدراوە لە نێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک، کۆبوونەوەکانیش ئاستێکی پێشکەوتووی باشیان بڕیوە. . جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنێک لە سەر ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکوک لەلایەن هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک واژوو دەکرێت. . راوێژکارەکەى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق تەنها سازان و رێککەوتنى نێوان پێکهاتەکانى کەرکوک بە تاکە رێگەى ئاسایکردنەوەى دۆخى ئەو شارە دەزانێت و بەپێویستیشیزانى لەو رێککەوتنەدا هەمووان براو بن. . لەدواى روداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017ەوە و لە کاردانەوەى ئەنجامدانى ریفراندۆمى سەربەخۆیى کوردستاندا، سوپاى عێراق و بەشێک لە هێزە مەزهەبییەکان گەڕانەوە بۆ شارى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و پێشمەرگە لەو ناوچانە کشایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا هەوڵى زۆر هەیە بۆ گەڕانەوەى کەرکوک و ئەو ناوچانە بۆ دۆخى ئاسایى خۆى و دانانى پارێزگارێکى کورد بۆ ئەو شارە بەڵام هەتا ئێستا هەوڵەکان ئەنجامێکى ئەوتۆیان نەبووە. .