ناس کورد-
عەلى باپیر سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى داواى لە نێچیرڤان بارزانى کرد فشار لە پارتى بکات بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و جەختیکردەوە دۆخه‌كه گه‌یشتووه به‌وه‌ی خه‌ڵك بیر له ڕێگاچاره‌ی دیكه بكاته‌وه.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى عەلى باپیر (22-5-2022) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، عەلى باپیر لەکۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى جەختیکردووەتەوە، ناكرێت به‌م جۆره حوكمڕانی به‌رده‌وام بێت.
دەقى راگەیەنراوەکە:
ئەمڕۆ یەكشەممە 22\5\2022 مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان له باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی باڵا لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا‌و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی، پێشوازیی كرد لە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و شاندێكی یاوەری، كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان شێخ جه‌عفه‌ر شێخ موستەفاو، موستەفای سەید قادر جێگرانی سەرۆكی هەرێم‌و، ژماره‌یه‌ك له ڕاوێژكارانی.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان‌و نێودەوڵەتی قسه‌ی له باره‌وه كرا، هه‌روه‌ها باس له نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری هه‌رێم كرا و، ئەوە خرایە ڕوو كه خه‌ڵك چاوه‌ڕوانن كێشه‌و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
لە دیدارەکەدا زیادکردنی كێشه‌و گرفتی خه‌ڵك له باتی چاره‌سه‌ركردنی لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە خرایە بەر باس، به ئاشكرا جه‌ماوه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی ناكۆكییەکانی نێوانیان له ده‌سته‌ڵاتداران دهبیننو كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروستكردوون.
مامۆستا عه‌لی باپیر داوای كرد سه‌رۆكی هه‌رێم فشار له حیزبه‌كه‌ی خۆی بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان‌و ده‌ربازكردنی خه‌ڵك‌و هه‌رێم له‌م هەموو قه‌یرانه.
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی جه‌ختی كرده‌ه‌وه ناكرێت به‌م جۆره حوكمڕانی به‌رده‌وام بێت‌و دۆخه‌كه گه‌یشتووه به‌وه‌ی خه‌ڵك بیر له ڕێگاچاره‌ی دیكه بكاته‌وه.