گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى رەتکردنەوەکەى سەرۆکایەتى هەرێم

میدیاى پارتى دوو داواکارى نێچیرڤان بارزانى لەئەنجومەنى ئاسایش ئاشکرادەکات

2022.05.22 - 18:00
App store icon Play store icon Play store icon
میدیاى پارتى دوو داواکارى نێچیرڤان بارزانى لەئەنجومەنى ئاسایش ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

میدیاى فەرمى پارتى بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیار لەسەر دوو داواکاریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم بدات، لەکاتێکدا سەرۆکایەتى هەرێم رەتیکردەوە بارزانى  داوای لە ئه‌نجومه‌نى ئاسايش کردبێت ناوبژیوانى هەرێم و بەغدا بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی پێگەى فەرمى پارتى (22-5-2022) دوو داواکارییەکەى نێچیرڤان بارزانى پەیوەندیدارن بە دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، بەبێ ئەوەى هیچ رونکردنەوەیەکى زیاتر بدات لەو بارەیەوە.

 

لاى خۆیەوە عومەر نوورەدینی پەرلەمانتارى پێشووى پارتى دەڵێت "ھەردوو بابەتی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە ڕووبەڕووی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی کراونەتەوە، گرینگن و ھەنگاوەکە لە شوێنی خۆیدایە".

 

وتیشى "بایەخدان بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نێوخۆی وڵاتانیش ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، کە کار بۆ ئەوە بکات لە ڕێگەی دانوستانی ھەرێم و فیدڕاڵ لە ڕێگەی دەستوور و لێکتێگەیشتن پرسی ماددەی ١٤٠ و ناوچە کوردستانییەکان یەکلا بکرێتەوە".

 

لەبارەی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستانەوە نوورەدینی وتى "ئاشکرایە ڕۆژی ٦/١١/٢٠٢٢ ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەڕووی یاسایییەوە کۆتاییی دێت و بەپێی یاسا پێویستە ھەڵبژاردن بکرێت، پشتیوانیی ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەربەستن لەبەردەم بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان دەبنە ھۆکارێکی یاریدەدەر، تا ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت".

 

پێشتر سەرۆکایەتیی هەرێم بەفەرمى ڕەتیکردەوە نێچیرڤان بارزانی داوای لە ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى ‏کردبێت ناوبژی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بکەن.