گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

پۆلیس چۆنیەتی کوشتنی ژنەکەی زاخۆ ئاشکرا دەکات: داوای پارەی لە بکوژ کردووە

2022.05.22 - 12:59
App store icon Play store icon Play store icon
پۆلیس چۆنیەتی کوشتنی ژنەکەی زاخۆ ئاشکرا دەکات: داوای پارەی لە بکوژ کردووە

ناس کورد-

پۆلیسی زاخۆ بکوژی ئەو ژنەی ئاشکرای کرد کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو تەرمەکەی لە ناوچەیەکی دورەدەستی قەزاکە دۆزرایەوە و دەڵێت، تۆمەتبارەکە خەڵکی باکوری کوردستانە و چەند ساڵێکە هاتووەتە زاخۆ.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نەهشەت سەلمان، وتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (22ی ئایاری 2022) وتی، بەپێی دانپێدانانی تۆمەتبار کە پیاوێکی تەمەن 51 ساڵە و کاری شۆفێری بووە، "کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ژنەکەی سەرخستووە، کاری سەرەکی ژنەکە دەروەزەکەری بووە، پیاوەکە 10 دۆلاری داوە بە ژنەکە بەڵام وەرینەگرتووە، پاشان 15 دۆلاری پێ داوە هەر وەرینەگرتووە."

 

وتەبێژی پۆلیس دەشڵێت، "ژنەکە داوای 200 دۆلاری لە پیاوەکە کردووە و پێی وتووە من ماڵ و ناونیشان و کەسوکارت دەناسم، ئەگەر ئەو پارەیەم پێ نەدەیت، ئەوە دەچمە لای ئەوان قسە دەکەم و بوهتانت بۆ دەکەم."

 

ئاشکراشیکرد، "پاشان پیاوەکە بە ژنەکە دەڵێت باشە پارەکەت پێ دەدەم بەڵام لە فڵان شوێن، بۆیە ژنەکەی بردووە بۆ ناوچەیەکی دورەدەست لە گوندی حەسەن ڕەشوکە لە نزیک ڕووباری زاخۆ و بە جۆرە چەکێک کوشتوویەتی کە فیشەکی زۆر گەورە دەخوات."

 

سەرەتا پۆلیسی زاخۆ وتی کە ژنەکە لەڕێگەی زەبرێکی بەهێزەوە کوژراوە، بەڵام ئەمڕۆ پۆلیس زانیارییەکانی ڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، فیشەکی ئەو چەکە ئەوەندە گەورەبووە وەک ئەوە وابووە شتێکی گەورە بەر سەری بکەوێت."

 

وتەبێژەکەی پۆلیسی زاخۆ وتیشی، "تۆمەتبار ژنەکەی بردووەتەناوچەیەکی دورەدەست تاوەکو تاوانەکەی بشارێتەوە، بۆ جاری دووەم گەڕاوەتەوە و تەرمی ژنەکەی خستووەتە ناو گەنم بۆئەوەی نەبینرێت، بەڵام بەهەوڵی پۆلیس تاوان و تۆمەتبار دۆزرانەوە."

 

وتەبێژەکەی پۆلیسی زاخۆ ئاشکرای کرد، "ژنەکە کاری دەروەزەکەری کردووە و هاوژینەکەشی کاری کڕین و فرۆشتنی مریشک و باڵندەی کردووە."