کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بارەی گیانلەدەستدانی لیا عەلی تەمەن 10 ساڵ
وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بارەی گیانلەدەستدانی لیا عەلی كە چەند رۆژێك لەمەوبەر گیانیلەدەستدا، لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین كە هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە سەرەتای رووداوەكەوە لێكۆڵینەوەكانی دەسپێكردووەو سەرجەم كامێراكانی چاودێریی وەرگیراون و سەیر كراونەتەوە، بە بڕیاری بەڕێز دادوەر خاوەن ماڵی رووداوەكە، بانگهێشتی دادگا كراوە و لێكۆڵینەوەی لە گەڵدا كراوە و بە سپاردە ئازاد كراوە.
لەئێستاشدا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەئامادەبوونی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان و پزیشكانی دادوەری تەرمی كۆچكردوو لەناو گۆڕەكەی دەرهێنراوەتەوە و لە پزیشكی دادوەری سلێمانییە، توێكاریی بۆ لاشەكەی دەكرێت و لێكۆڵینەوەش لەرووداوەكە بەردەوام دەبێت.
بەداخەوە هەندێ لەدەزگای راگەیاندن و میدیایی، هەواڵ لەسەر گیانلەدەستدانی لیای 10 ساڵ بڵاودەكەنەوە، بێ گەڕانەوە بۆ لێدوانی پۆلیسی سلێمانی، كە ئەمەش زیان بەلێكۆڵینەوەكانی پۆلیس دەگەیەنێت.