گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان داواى ئاشتەوایی گشتی دەکات

2022.05.19 - 09:20
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕان داواى ئاشتەوایی گشتی دەکات

ناس کورد-

 

بزوتنەوەى گۆڕان لەساڵیادى کۆچى دوایی نەوشیروان مستەفادا داواى ئاشتەوایی گشتی و دانیشتنی لایەنە کوردییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بزتنەوەکە (19-5-2022) لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند "دوایی پێنج ساڵ لە کۆچی دوایی، یار و نەیاری ئەم سەرکردە مەزنە ددان بەو ڕاستیەدا دەنێن ئەگەر لەکاتی خۆیدا لەجیاتی رەتکردنەوە؛ پڕۆژە و بەرنامە سیاسیەکانی کاک نەوشیروان جێبەجێ بکرایە؛ ئێستا شێوازی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بەم لاوازییە و بەم شێوەیە نەدەکەوتە بەر مەترسی و ئاڵنگاری دژوار، بەڵکو هەرێمێکی سەقامگیرتر و بەھێزتر و پتەومان ئەبو". 

 

دەشڵێت "ھەربۆیە لەم یادەدا بانگەواز بۆ ئاشتەوایی گشتی و دانیشتنی لایەنە کوردییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەکەین؛ بۆ گەیشتن بە کۆڕایی سیاسیی و دانانی ستراتیجێکی نیشتیمانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیران سیاسیەکان و دروستکردنەوەی متمانەی سیاسیی لەنێوان ھاوڵاتیان و دامەزراوەکانی حوکمڕانی".

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

‎«ئێستا لە ھەمو کات زیاتر پێویستمان بە کاک نەوشیروانە»

 

‎پێنج ساڵ بەسەر کۆچیی دوایی سەرکردەی دیاری سیاسی و ڕوناکبیری کوردستان رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا ئەمین) تێدەپەڕێت، کە لە نیو سەدە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا؛ وەک سیمبولی تێکۆشان و بەگژداچوونەوەی داگیرکەران، وەک ئەندازیاری ڕاپەرینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان، وەک کارەکتەرێکی کاریگەری چەسپاندنی حوکمی یاسا و حوکمڕانی رەشید، وەک خوڵقێنەری ھێزی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی و خەباتی مەدەنی ناوی چووەتە مێژووی پڕ سەروەری نەتەوەکەمان.

 

‎کاک نەوشیروان لە یەک کاتدا وەک سیاسیەکی لێوەشاوە و بیرتیژ، وەک نوسەر و لێکۆڵەر، وەک ستراتیجیست و خاوەن روئیای روون و دووربین، وەک کارەکتەری خوڵقێنەری روداوە گەورەکان لە زۆر بواردا جێپەنجەی دیاری ھەیە. لەبواری ڕووناکبیریدا، هەر لەسەرەتای تەمەنی گەنجییەوە، خاوەنی دیدی کوردانە و ئازادیخوازانەی  و کاریگەر بو، لەم نێوەندەدا بە ئامانجی زیاتر خزمەتکردن و گەشەسەندنی کوردستان زۆر تویژینەوەی سیاسی و ئابوری و مێژویی و کۆمەڵناسی نوسیوە، کە لە ئەدەبیاتی سیاسی و فەرهەنگی کورددا جێگەی دیاری هەیە.

 

‎لەدوای ڕاپەرینەوە، جگە لە دەستپێشخەری بۆ دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی، پڕۆژەی گشتگیری بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی دێهاتەکانی کوردستان بەشێوەیەکی هاوچەرخ و، ڕێکخستنەوەی کەرت و سێکتەرە جیاجیاکانی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم هەبوە. هاوکاتیش وەک سەرکردەیەکی ریفۆرمخواز زۆر بەپەرۆشەوە بە پڕۆژە و کارنامە بەگژ گەندەڵی و نادادی دەسەڵاتدارانی کوردستان چووتەوە؛ بە ئامانجی سەرپێخستنی پڕۆسەی دەوڵەتداری و نیشتیمانسازی و دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، جەختی بەردەوامیشی لەسەر بە نیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ و پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی هەرێم و دەوڵەتان دەکردوە.

 

‎بەردەوام خەمخۆری ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان بوە و پرۆژەی سیاسی بۆ چارەسەری کێشەکان پێشکەشکردوە، لای رەوانشاد دروستبوونی دەوڵەتی کوردی نە خەون بو، نە کەرەستەی بانگەشەی بێ بنەما، بەڵکو وەک ئامانجێکی واقعی بەدینەهاتوی کورد لێ دەروانی، هەربۆیە دروستبونی پایەکانی دەوڵەت و حکومی دروست، بە پڕۆژە سیاسی خستبوو کارنامەی سیاسییەوە.

 

‎ لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەوڵەتانی ناوچەکە ڕوون و ڕاشکاوانە داکۆکی و بەرگری لە قەوارەی هەرێم دەکرد، دیدو بۆچونی وابو؛ بۆ دەستەبەری مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە کێشەکانی هەرێم و بەغدا لەرێی گفتوگۆ و چارەسەرییە دەستورییەکان یەکلای بکرێتەوە.

 

‎پڕۆژە و رێگای سیاسیی نەوشیروان مستەفا؛ کراوە و پڕ بەرھەم و پێویستن بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی تێی کەوتوین، ھەربۆیە بەردەوامیدان و مانەوە بۆ ھێنانەدی ئامانجە سیاسیەکانی؛ شانازیەکی گەورەیە بۆ ئەوانەی لەسەر رێگاکەی بەردەوامی ئەدەن، ئەمڕۆش هەرێمی کوردستان لە هەرکات زیاتر پێویستی بە جێبەجێکردن و تەرجەمەکردنی روانگەی کاک نەوشیروان هەیە بۆ پاراستن و مانەوەی بە بەهێزی.

 

‎ئێستاش دوایی پێنج ساڵ لە کۆچی دوایی، یار و نەیاری ئەم سەرکردە مەزنە ددان بەو ڕاستیەدا دەنێن ئەگەر لەکاتی خۆیدا لەجیاتی رەتکردنەوە؛ پڕۆژە و بەرنامە سیاسیەکانی کاک نەوشیروان جێبەجێ بکرایە؛ ئێستا شێوازی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بەم لاوازییە و بەم شێوەیە نەدەکەوتە بەر مەترسی و ئاڵنگاری دژوار، بەڵکو هەرێمێکی سەقامگیرتر و بەھێزتر و پتەومان ئەبو. ھەربۆیە لەم یادەدا بانگەواز بۆ ئاشتەوایی گشتی و دانیشتنی لایەنە کوردییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەکەین؛ بۆ گەیشتن بە کۆڕایی سیاسیی و دانانی ستراتیجێکی نیشتیمانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیران سیاسیەکان و دروستکردنەوەی متمانەی سیاسیی لەنێوان ھاوڵاتیان و دامەزراوەکانی حوکمڕانی.

 

دوبارە، دووپاتی دەکەینەوە، ئەگەر دەمانەوێ ھەرێمی کوردستان پارێزراو و سەقامگیرمان ھەبێ کە بەرگەی مەترسی و ھەڕەشەکان بگرێت؛ پێویستە نەخشەڕێگای سیاسیی کاک نەوشیروان جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی لە یەکخستنەوە ئیدارەکان، بە نیشتیمانیکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ، دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە بازاڕ و کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی، گوێگرتن لە داخوازییەکانی خەڵک و دابینکردنی موچە و خزمەگوزارییە سەرەتاییەکان.

 

‎ماوەتەوە بڵێین، کۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەگەرچی کەلێنێکی گەورەی لە تێکۆشانی ئێمە بۆ هێنانەدی ئامانجە رەواکانی خەڵکی کوردستان دروستکرد، بەڵام پشتئەستوور بە خەڵکی کوردستان و ئەوانەی رۆژێک لە رۆژان بڕوایان بە بزوتنەوەی گۆڕان ھەبووە و کاریان بۆی کردوە؛ هیوای گەورەمان هەیە؛ بە یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی ڕیزی تێکۆشەرانی رێگای چاکسازی و گۆڕانکاری لە رێی خەباتی مەدەنی، لەسەر هەمان پرەنسیپەکانی سەرەتایی دروستبوونی گۆڕان بەردەوام دەبین و، رێگاکەی بە روناکی و گەشاوەیی دەھێڵینەوە تا دەگەین بە حوکمڕانییەک کە لە جێی رەزامەندی خەڵکی کوردستان بێت.

 

‎سڵاو لەگیانی پاکی سەرکردەی نیوسەدە خەبات

‎درود بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان

 

‎بزوتنەوەی گۆڕان