ناس کورد-
لەکاتى رادەستکردنەوەى تەرمى خاوەنى ریستۆرانتەکەى سلێمانى گرژى و ئاڵۆزى دروستبوو، هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنى ئەو کەسانەى لەشوێنەکە بوون تەقەیان کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیی دەردەکەوێت، کە لەکاتى رادەستکردنەوەى تەرمى زەکی محەمەد چەلەبی خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، کە شەوی ڕابردوو تەقەی لێکرا گرژى و ئاڵۆزى دروستبووە.
لە ڤیدیۆکاندا دەنگى تەقە دەبیسترێت و دەوترێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کراوە بۆ چۆڵکردنى شوێنەکە تا گرژییەکان زیاتر پەرە نەسێنێت.
تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس هیچ رونکردنەوەیەکیان لەبارەى گرژییەکانەوە نەداوە، بەڵام کەناڵى کوردستان 24 ى سەر بە سەرۆکى حکومەت دەڵێت، "لایهنگرانی پهكهكه" له بهردهم پزیشكی دادی ئهو شاره پهلاماری تیمەکەیان داوە.
بەپێی کەناڵەکە، كاتێك پهلاماری تیمەکە دراوە هێزه ئهمنییهكان بۆ بڵاوهپێكردنی پهلاماردهران تهقهیان كردووە.
زەکی محەمەد چەلەبی خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، کە شەوی ڕابردوو تەقەی لێکرا، ئێوارەى ئەمڕۆ گیانى لەدەستدا.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، لەسەر شەقامی بەختیاری لە سلێمانی، ماتۆڕێک کە دوو چەکداری دەماکداری لەسەر بووە، تەقەی لە ڕێستۆرانتی "دەنیز" کرد و بەوهۆیەوە خاوەنی ڕێستۆرانتەکە کە خەڵکی باکوری کوردستان بەسەختی برینداربووە.
دوای ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، لە سەرەتادا پزیشکەکان ڕایانگەیاند بوو کە "فیشەکێک بەر سکی کەوتووە، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت کە فیشەکێکی دیکە بەر سنگی کەوتووە و دڵی پێکاوە."
بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، ئەو کەسە ناوی "زەکی چەلەبی"ـە، جگە لەوەی خاوەنی ڕێستۆرانتەکەیە، نوێنەری پێشووی هەدەپە و نوێنەری كرێكارانی باكوریش بووە لە سلێمانی.
زەکی چەلەبی تەمەنی نزیکەی 50 ساڵە و زیاتر لە 10 ساڵە لە سلێمانی کار دەکات، لە باکوری کوردستان قاچاخ بووە و نەیتوانیوە بچێتەوە ئەوێ.