ناس کورد-
دواى ساڵێک لە راگرتنى وەزارەتى شارەوانى هەرێم پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی خانووی بەو زەوییانەی کارتن دەستپێکردەوە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێریش دەڵێت، زیاتر لە ٢٥ ھەزار ھاووڵاتی سوودمەند دەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، بە پێگەى فەرمى پارتى وت ''پێشتر پێدانی مۆڵەتی خانوو بەو زەوییانەی کارتن و تاپۆ نین لە سنووری شارەوانییەکان ڕاگیرابوو، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی پێدانی مۆڵەت بە زەویی کارت دەستی پێ کردووەتەوە و ھەر ھاووڵاتییەک زەویی ھەبێت و کارت بێت، دەتوانێت لە سنووری شارەوانیی خۆی داوای مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بکات.''
وتیشی:''لە سنووری گشت سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، کە ھەموو قەزا و ناحیەکانی پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە ژمارەیەکی زۆری کارت ھەیە، بەڵام لە ھەندێ شوێن کارت دابەش کراوە و زەوی نییە، ئەوانەی دەتوانن سوودمەند بن لەو بڕیارەی دروستکردنی خانوو سەرووی ٢٥ ھەزار کەس دەبن.''
لەبارەی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی خانوو، سەرتیپ خالید وتى ''پێویستە داواکار نەخشەی کەرتی پەسەندکراوی ھەبێت بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، ھەروەھا لە داوای مۆڵەتەکەی وردبینی بکرێت، نابێت پێشتر ئەو کەسە سوودمەند بووبێت، پێدانی مۆڵەتی بە زەویی کارت لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانە و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی چاوەڕێی کردنەوەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بوون و داوایان لە شارەوانییەکان دەکرد.''