گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچى پێدانى کارەبا لە پارێزگاکان جیاوازە؟

وەزیرى کارەبا پێشبینى بۆ خواستى کارەباى 24 کاتژمێرى دەکات

2022.05.17 - 18:26
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیرى کارەبا پێشبینى بۆ خواستى کارەباى 24 کاتژمێرى دەکات

ناس کورد-

 

وەزیرى کارەباى هەرێم پێشبینى دەکات خواستی به‌كارهێنانی كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری له‌ نێوان چوار  هەزار بۆ چوار هەزار و ٥٠٠ مێگاوات بێت، لەکاتێدا لە ئێستادا سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات بەرهەم دەهێنرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

كه‌مال محه‌مه‌د لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرمانگەى میدیا و زانیارى وتى " ١٥ و ١٦ی ئایاری ئەمساڵ له‌ زاخۆ، ڕاپه‌ڕین ، سۆران، گه‌رمیان ، هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی ده‌ستمان بە تێستەکە كرد و ١٧ و١٨ى ئایار له‌ هه‌ولێر و دهۆك ئه‌نجام ده‌درێت".

 

دەشڵێت "وه‌ك وه‌زاره‌تی كاره‌با هیچ جیاوازییه‌كمان له‌ نێوان شاره‌كان نه‌كردووه‌، به‌ڵام شتێكی تر هه‌یه‌ كه‌ وه‌رزی ساڵ حوكم ده‌كات، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ولێر و گه‌رمیان كه‌شوهه‌وا زیاتر گه‌رمتره‌ به‌ به‌راورد به‌ شوێنه‌كانی تر، بۆیه‌ له‌ هاوین زیاتر پێویستیان به‌ كاره‌با هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ زستان بارودۆخی ئه‌و دوو شوێنه‌ باشتره‌، به‌ڵام له‌ دهۆك و سلێمانی له‌ زستان و هاوین پێچه‌وانه‌ی هه‌ولێر و گه‌رمیانه‌".

 

دەقى چاوپێکەوتنەکە:



- وه‌زاره‌تی كاره‌با پڕۆژە‌یه‌كی تێستی هه‌یه‌ ئه‌ویش پێدانی كاره‌با بۆ ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێر، ئه‌و پڕۆژە‌یه‌ چییه‌ و مه‌به‌ست لێی چییه‌؟

كه‌مال محه‌مه‌د: ساڵانه‌ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەم تێستە ئەنجام دەدرێت لەو پرۆسەیەدا ٤٨ كاتژمێر كاره‌بای نیشتیمانی ده‌درێته‌ هاووڵاتیان تا بزانرێت خواستى پارێزگه‌ و ئیداره‌ سەربەخۆکان بۆ به‌كارهێنانی كاره‌با چه‌نده‌، چونكه‌ بەوە ژماره‌ی مێگاواته‌كانمان بۆ ده‌رده‌چێت. وا پێشبینی ده‌كه‌ین خواستی به‌كارهێنانی كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان ٤ هەزار بۆ ٤هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بێت، به‌ڵام ئێمه‌ ٣هەزار و ٥٠٠ مێگاوات كاره‌بامان هه‌یه‌. ساڵی ڕابردوو ٤٢%ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بۆ پارێزگای هه‌ولێر و ٢٤.٥%ى بۆ پارێزگا‌ی دهۆك و ٢٨.٨%ی بۆ پارێزگا‌ی سلێمانی و ٤.٧%ى بۆ گه‌رمیان بوو. گه‌شه‌كردنی پارێزگه‌كان جیاوازه‌، بۆیه‌ ئه‌و تێسته‌ بڕى پێویستى پارێزگا یا ئیدارەکە بۆ کارەبا دەردەخات، بەمەش کار لەسەر دابەشکردنى کارەباى بەرهەمهێنراو به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دەکرێت. ١٥ و ١٦ی ئایاری ئەمساڵ له‌ زاخۆ، ڕاپه‌ڕین ، سۆران، گه‌رمیان ، هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی ده‌ستمان بە تێستەکە كرد و ١٧ و١٨ى ئایار له‌ هه‌ولێر و دهۆك ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، ناوچه‌ی پیشه‌سازی هه‌ن‌، به‌ڵام کارەباکەیان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و كاره‌بایه‌ نییه‌ كه‌ به‌ هاووڵاتیانی ده‌ده‌ین. داهاتی ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان ده‌كه‌ینه‌ پڕۆژە‌ بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌مساڵ ٤٤ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینارمان كرده‌ پڕۆژە‌ بۆ ده‌ڤه‌ری بازیان ـ ڕاپه‌ڕین و سه‌یدسادق ـ تانجه‌رۆ، هه‌روه‌ها كڕینی سێ وێستگه‌ی مۆبایل، له‌ مانگی شوباتی ڕابردووش ٤٩ ملیاری دیكه‌ بۆ گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ داهاتی ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان دابین كراوه‌.



- پڕۆژە‌ی پێوه‌ری زیره‌ك گه‌یشتووەته‌ چ قۆناغێك؟

كه‌مال محه‌مه‌د: پڕۆژە‌که‌ له‌ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بوو، بەڵام لە کابینەى نۆیەم دەستى پێ کرد. ئەوکات ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار هاوبەشى کارەبامان هەبوو، تا ئێستا ٣٢٢ هەزار هاوبه‌شی دیكه‌‌ زیادى کردووە. وه‌ك پاكێجی یه‌كه‌م ٨٧%ی پڕۆژەکه‌ جێبه‌جێ كراوه‌ و ملیۆنێک و ٢٥٣ هەزار هاوبەش پێوەرەکەیان بۆ بەستراوە. ئەمەش کاریگەرى هەبووە لەسەر ڕێكخستن و كۆنترۆڵكردنی كاره‌با. بۆ نموونه‌ له‌ مانگی شوبات و كاتی سه‌رما ژماره‌ی ئه‌مپێرمان هێنایە خواره‌وه‌ به‌وه‌ش كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با زیادی كرد. پێش دەستبەکاربوونى کابینەى نۆیه‌م ٤٥%ی بڕی كاره‌بای به‌رهه‌مهاتوو نادیار بوو، به‌ڵام بەهۆی پڕۆژەى پێوەرى زیرەک ئه‌م ڕێژە‌یه‌ بۆ ٣١% كه‌م بووەتەوە كه‌ ١٢%ى به‌ هۆكاری ته‌كنیكی ون ده‌بێت و ئه‌مه‌ش له‌ هه‌موو دونیادا هه‌یه‌، ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌و ٣٠٠ هه‌زار پێوه‌ره‌ی ماوه‌ بیبه‌ستین.

 

ـ بۆچی پڕۆژە‌ی وێستگه‌ی كاشێ تا ئێستا نه‌كه‌وتووەتە‌ كار؟

كه‌مال محه‌مه‌د: پڕۆژەی وێستگه‌ی كاشێ له‌ ٨ یه‌كه‌ پێكهاتووه‌ و توانای به‌رهه‌مهێنانی ١٠٠٠ مێگاوات كاره‌بای هه‌یه‌، ئه‌و وێستگه‌یه‌ هه‌م به‌ دیزڵ و هەم بە غاز كار ده‌كات. بەهۆى نەبوونى غاز و جێبەجێنەکرانى بۆڕیی غازی هه‌ولێر ـ دهۆك تەنیا ٥%ى وێستگه‌که‌ کار دەکات. کار بە دیزڵیش ناکەین، چونکە تێچووەکەى بۆ هەر كیلۆواتێك ١٨ سه‌نتە و ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حكومه‌ت زۆرە، بۆیه‌ به‌ ناچاریی ٥٠ مێگاوات كاره‌بای لێ به‌رهه‌م ده‌هێنین. ئێستا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان گرێبه‌ستی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پایپ ڵاین بگه‌یه‌نێته‌ دهۆك، چونكه‌ به‌ گوێره‌ی پلانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان تا نیسانی ٢٠٢٣، ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا غاز به‌رهه‌م دێت و‌ وێستگه‌کەشمان پێویستی به‌ ٢١٦ ملیۆن پێ سێجا غاز هه‌یه‌. ئه‌وكات ده‌توانین بیخەینە کار به‌ مه‌رجێك بۆڕی غازی نێوان هه‌ولێر و دهۆكیش ته‌واو ببێت كه‌ درێژییه‌كه‌ی ١٦٢ كیلۆمه‌تره‌.

 

له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند پڕۆژە‌یه‌كمان هه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی وزه‌ی پاك كاره‌با به‌رهه‌م دێنن. جیاوازی ئه‌و وێستگانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌ گازی سروشتی كار ده‌كه‌ن له‌ڕووی تێچووه‌وه‌‌ چییه‌؟

كه‌مال محه‌مه‌د: پێش كابینه‌ی نۆیه‌م ١٣ پڕۆژە‌ی كاره‌بامان هه‌بوو كه‌ دەیانتوانى ٦٧٠٠ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنن، لەو بڕەیە تەنیا ٦٤٩ مێگاواتى لە ڕێگەى‌ وزه‌ی پاكەوە بەرهەم دەهات کە ٢٤%ى دەکرد، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م بڕی بەرهەم گەیشتە ٢هەزار و٤٩٢ مێگاوات کە له‌و ژماره‌یه‌ هەزار و٩٥٢ مێگاواتی لە‌ وزه‌ی پاك بەرهەم دێت (وەک بەرهەمهێنانى کارەبا لە بازیان و خورمەڵە و زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین و گەرمیان بە هەڵم و غاز و ئاو) لە مانگی شه‌شیش له‌ سه‌رسه‌نگ ده‌ست به‌و جۆره‌ پرۆژە‌یه‌ش دەكرێت كه‌ بڕە‌كه‌ی ده‌گاته‌ ٣٥٠ مێگاوات كاره‌با.

 

ـ ئه‌و كاره‌بایه‌ی له‌ لایه‌ن هاووڵاتیان یاخود لایه‌نێكی دیكه‌وه‌ له‌ وزه‌ی پاك به‌رهه‌م دێت و ئه‌گه‌ر بڕە‌كه‌ی له‌ پێداویستی خۆی زیاتر بێت ئێوه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌توانن لێی بكڕنه‌وه‌؟

كه‌مال محه‌مه‌د: هه‌ر كارێك كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت ده‌بێت كارێكی یاسایی بێت. له‌ یاسای ٢٠٠٦ی وه‌زاره‌تی كاره‌با ئه‌مه‌ نه‌بوو، به‌ڵام دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ بڕگه‌یه‌كمان زیاد كرد بەوەى زیاده‌ له‌ پێویستیی هاووڵاتی کارەبا بدرێتەوە بە تۆڕی نیشتیمانی و ئێمه‌ش به‌ شێوه‌ی مه‌قاسه‌ بۆی هه‌ژمار ده‌كه‌ین واتا ئێمه‌ كاره‌با به‌ مه‌قاسه‌ ده‌ده‌ین، به‌و واتایه‌ی شتێك لای من هه‌یه‌ و شتێك لای تۆش هه‌یه‌، له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌راورد ده‌كرێت كه‌ كامه‌یان زیاتره‌ و كامه‌یان كه‌متره‌. بۆ نموونه‌ قوتابخانه‌ی نۆڵێج ٢٥٠ كه‌ی.ڤی سوله‌ری دانا، ڕە‌نگه‌ به‌ ڕۆژ هاوكات له‌ كاتی ده‌وام ئه‌م ٢٥٠ كه‌ی.ڤییه‌ی به‌ش نه‌كات، بۆیه‌ هه‌ندێكی تری له‌ تۆڕی گشتی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام دوای ده‌وام وزه‌یه‌كی زیاد هه‌یه‌ دێته‌ ناو تۆڕ، یان پشووی سه‌ری ساڵه‌، كه‌ ئه‌م پشووه‌ له‌ قوتابخانه‌كه‌ سێ مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و وزه‌یه‌ دێته‌ ناو تۆڕەكه‌، ئێمه‌ دێین ئه‌م وزه‌یه‌ بۆ ئه‌و هه‌ژمار ده‌كه‌ین، واته‌ ئه‌و چه‌ند به‌ ئێمه‌ ده‌دات و ئێمه‌ چه‌ند به‌ ئه‌و ده‌ده‌ینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هی قوتابخانه‌كه‌ بۆ لای ئێمه‌ هاتبێ ئێمه‌ بۆی هه‌ژمار ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هی ئێمه‌ بۆی چوو بێت، ده‌بێت ئه‌و پاره‌ بدات، ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ئێمه‌ هاتووه‌، ئێمه‌ دابه‌شی سه‌ر لقه‌كانی تری قوتابخانه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ شاره‌كانی تر، ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ هاووڵاتییه‌كی ئاساییش هه‌مان شته‌، چونكه‌ هاووڵاتی به‌ ڕۆژ له‌ زستاندا كاره‌با له‌ تۆڕی نیشتیمانی ده‌بات، به‌ڵام له‌ ڕۆژ كاره‌با له‌ وزه‌ی خۆر ده‌بات، كه‌واته‌ به‌م شێوه‌یه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ مه‌بده‌ئی مه‌قاسه‌یه‌.

 

ـ له‌ وێستگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان و دوكان، چه‌ند یه‌كه‌ی كاره‌با هه‌یه‌ و چه‌ند كاره‌بایان لێ به‌رهه‌م دێت؟

كه‌مال محه‌مه‌د: به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان سێ یه‌كه‌كه‌ی كارۆئاوییه‌، كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان ٨٣ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت، واته‌ به‌ كۆی گشتی ٢٤٩ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنن. به‌نداوی دوكانیش له‌ پێنج یه‌كه‌ی كارۆئاوی پێك هاتووه‌، هه‌ر یه‌كێكیان ٨٠ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنن، كه‌ كۆی گشتی ده‌كاته‌ ٤٠٠ مێگاوات، كه‌ به‌ هه‌ردوو به‌نداوه‌كه‌ش ٦٤٩ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنن. به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌نداوه‌كه‌ پشت به‌ ئاوی باران ده‌به‌ستن، بۆیه‌ له‌ مانگی یه‌ك تا چوار، هی هه‌ردوو به‌نداوه‌كه‌ ٥٧ مێگاوات كاره‌بامان هه‌بوو، واته‌ ته‌نها ٩%ـی كۆی وزه‌ی دیزیاینکراو بووە. هۆكاره‌كه‌شی وشكه‌ساڵییه‌، چونکە ئه‌گه‌ر ئاو هه‌بێت، ده‌توانین سێ یه‌كه‌ی به‌نداوی دوكان به ‌گه‌ڕ بخه‌ین. به‌ردانه‌وه‌ی ئاو به‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی كاره‌باش نییه‌، به‌ڵكو به‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و وه‌زاره‌تی ئاو و ئاوه‌ڕۆی عێراقه‌ كه‌ هه‌ر دوو لا به‌ هه‌ماهه‌نگی ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو حیساباتی له‌سه‌ره‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌و ئاوه‌ سوودمه‌ندین كه‌ به‌رده‌درێته‌وه‌، ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ هه‌مووی به‌كار بێنین، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك وشك ده‌كات و سه‌رجه‌م پڕۆژە‌كانی كاره‌با په‌كیان ده‌كه‌وێت و له‌ كار ده‌كه‌ون.

 

ـ هۆكار چییه‌ بڕی پێدانی كاره‌با به‌ گوێره‌ی وه‌رزه‌كان گۆڕانكاریی به‌سه‌ر دادێت؟

كه‌مال محه‌مه‌د: ئێمه‌ دوو وه‌زرمان هه‌یه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ی وێستگه‌كانی كاره‌با، كه‌ ئه‌وانیش مانگه‌كانی سێ و چوار و پێنجی هه‌موو ساڵێك ده‌گرێته‌وه‌، هاوكات له‌ مانگه‌كانی نۆ و ده‌ و یازده‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌رزی دووه‌می چاككردنه‌وه‌ی وێستگه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ساڵ وه‌رزی زستان هاته‌ ناو وه‌رزی به‌هار، چه‌ندین یه‌كه‌ به‌هۆی شایسته‌ی داراییه‌وه‌ نه‌توانرابوو چاك بكرێنه‌وه‌، كه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌بوو شایسته‌ی داراییان بۆ دابین بكرێت، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ بابه‌ته‌كه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو ٧٥ ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای ماس دابین كرا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو یه‌كه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك چاك بكرێنه‌وه‌. به‌ سوپاسه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پشتیوانی سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌بووایه‌ دۆخی كاره‌با به‌ره‌و خراپی چووبوو، ئه‌وه‌ بوو دوای دابینكردنی پاره‌كه‌ ده‌ست كرا به‌ چاككردنه‌وه‌ی یه‌كه‌كان له‌ مانگی چوار واته‌ مانگێك دواكه‌وت، هاوكات له‌ ئێستاشدا هه‌ندێكی تر له‌ یه‌كه‌كان سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌ن، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌ مانگی چوار توانرا ماوه‌ی ١٩ كاتژمێر كاره‌با به‌ هاووڵاتیان بدرێت.

له‌ ئێستادا به‌هۆی نه‌بوونی سووته‌مه‌نی پێویست پێدانی كاره‌با به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاوه‌ستاوه‌، كه‌ پێشتر هه‌ردوو كۆمپانیای قه‌یوان و كار سووته‌مه‌نیان بۆ دابین ده‌كرد، ئه‌گه‌ر هه‌ردوو كۆمپانیاكه‌ ده‌ست به‌ كاره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا له‌ نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ مێگاوات كاره‌با به‌و ناوچانه‌ ده‌درێت.

 

ـ چۆن بوو سیسته‌می ٢٤ كاتژمێری بۆ بازاڕی له‌نگه‌ دابین كرا؟

كه‌مال محه‌مه‌د: سیستەمی پێدانى کارەباى‌ بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر کە ١٧٠٠ پێكهاته‌ی بازرگانییە، به‌ فیده‌رێكی تایبه‌تى ٢٤ كاتژمێرییە، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌وانیش پاره‌ی كرێی كاره‌با بده‌ن، چونكه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ جارێكی تر ده‌كه‌وێته‌وه‌ خزمه‌تی پڕۆژە‌ و سیستمه‌كه. ئێمه‌ ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌م نموونه‌یه‌ بۆ چه‌ندین شوێنی تری بازرگانی بگوازینه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ش گرفتی كاره‌بایان هه‌یه‌.

 

ـ هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان شاره‌كان كراوه‌ له‌ ڕووی پێدانی كاره‌با؟

كه‌مال محه‌مه‌د: وه‌ك وه‌زاره‌تی كاره‌با هیچ جیاوازییه‌كمان له‌ نێوان شاره‌كان نه‌كردووه‌، به‌ڵام شتێكی تر هه‌یه‌ كه‌ وه‌رزی ساڵ حوكم ده‌كات، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ولێر و گه‌رمیان كه‌شوهه‌وا زیاتر گه‌رمتره‌ به‌ به‌راورد به‌ شوێنه‌كانی تر، بۆیه‌ له‌ هاوین زیاتر پێویستیان به‌ كاره‌با هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ زستان بارودۆخی ئه‌و دوو شوێنه‌ باشتره‌، به‌ڵام له‌ دهۆك و سلێمانی له‌ زستان و هاوین پێچه‌وانه‌ی هه‌ولێر و گه‌رمیانه‌.

ئێمه‌ ئێستا ٣٣٠٠ تا ٣٤٠٠ مێگاوات كاره‌بامان هه‌یه‌، به‌ڵام بڕیار وایە وێستگه‌ی دێره‌لووك کە له‌سه‌ر قه‌رزی ژاپۆنی جێبه‌جێ كراوه‌ و ٣٨ مێگاوات كاره‌بایە لەگەڵ ٥١ مێگاواتی تاسڵووجه‌ و ٢٩ مێگاواتی سێ وێستگە له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك بکەونە کار و له‌ مانگی نۆش ٥٠٠ مێگاواتی تر له‌ بازیان ده‌كه‌وێته‌ كار، هەرچەندە بە هۆى نه‌بوونی غازی پێویست ناتوانین هه‌ر ٥٠٠ مێگاواته‌كه‌‌ به‌ كار بخه‌ین. بەمانە ئومێده‌وارین ئه‌مساڵ له‌ ساڵی ڕابردوو ڕە‌وشی كاره‌با باشتر بێت.

 

ـ ئاخۆ بڕى لێخۆشبوونی قەرزى کارەبا زیاتر دەبێت؟

 

كه‌مال محه‌مه‌د: وه‌زاره‌تی كاره‌با پابه‌ندی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ نییه‌ كه‌ ده‌وترێت كه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك به‌ یه‌ك جار كۆی قه‌رزه‌كانی بداته‌وه‌، ٤٠% لێخووشبوون ده‌یگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نها ١٥%ـیه‌.