گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانی لەبارەى موچەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاری دا

2022.05.17 - 14:48
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی لەبارەى موچەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاری دا

ناس کورد-

کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە سەرپەرشتیارانی گەرمیان و ڕاپەرین کۆتاییهات و لە بارەیەوە چەند بڕیارێک درا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی بڕیاری داوە موچەی مانگی نیسان لە داهاتی نەوت ولە 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دابەشبکرێت و پێویستی بە داهاتی ناوخۆ نەبێت، بەمەش موچەی هیچ وەزارەتێک دواناکەوێت تا 28 مانگ سەرجەم وەزارەتەکان موچە وەردەگرن.

 

لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی دارایی و ناوخۆ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەشداربوون.

 

موچەی مانگی ئازاری بەشێک لە وەزارەتەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ماوەیەکی زۆر دواکەوت، حکومەت جەختیکردەوە کە پێویستە موچەکە لە داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان بدرێت و داهاتی ئەو پارێزگایانەش کەمی کردووە بە پێچەوانەی هەولێر و دهۆکەوە.

 

دوای چەند هەفتەیەک دواکەوتن، دواجار یەکێتی پارەی موچەی ئەو وەزارەتانەی دابین کرد.

 

ڕۆژی 11ی ئایاری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، داهاتی ناوخۆی کە بەشێک لە موچەی پێ دابین دەکرێت لە دهۆک و هەولێر زیادی کردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی تر کەمی کردووە و "ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی موچەیە لەو ناوچانە."  

  


باسی لەوەشکرد کە "دەسەڵاتی پارێزگاکانمان زیادکرد تاوەکو کاروبارەکان خێراتر ئەنجام بدرێت، بەڵام بەداخەوە کە لە هەندێک ناوچە ئەجێنداری حکومەت وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە."  

  


وتیشی، "پێویستە خەڵک بپرسێت بۆچی لەو ناوچانە داهات کەمی کردووە، بۆیە لەسەر پرسی داهات و موچە لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆدەبمەوە بۆئەوەی بزانین کێشە و گرفتەکان چین."  

  

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد کە وەک ئاشکرایە، حکومەتی هەرێم سێ جۆر داهاتی هەیە، یەکەمیان داهاتی نەوتە کە بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت، دووەمیشیان ئەو بڕە پارەیە "کە بەغدا جار جار دەینرێت بۆ هەرێم."  

  

ئاماژەی بەوەشکرد کە "داهاتی سێیەم کە جێگەی پرسیارە داهاتی ناوخۆیە کە نانەوتییە، لە داهاتەکانی خاڵە سنورییەکان، داهات لە رسومات و باج دێتە دەست، ئەم داهاتە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر زیادی کردووە، بەداخەوە لە پارێزگاکانی تر وەک پێویست کاری لەسەر نەکردووە، بۆیە ئەو بڕە پارەیەیە کەمیکردووە کە پێویستە بۆ تەواوکردنی موچەی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە و دواکەوتنی موچەکانیان."