گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

باڵیۆزی ئەمەریکا نیگەرانە و قوباد تاڵەبانی داوای ڕێککەوتن دەکات

2022.05.16 - 14:21
App store icon Play store icon Play store icon
باڵیۆزی ئەمەریکا نیگەرانە و قوباد تاڵەبانی داوای ڕێککەوتن دەکات

ناس کورد- 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و داوایکرد، ڕێککەوتنێکی نیشتیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بکرێت و لایەنە کوردییەکانیش بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانەوە، هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکا نیگەرانە لە زیادبوونی ڕێژەی تاوان لە هەرێم.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران (دووشەممە 16-5-2022) لە هەولێر بە ئامادەبوونی رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی پێشوازیکرد لە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ کران.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی پڕۆسەی سیاسی عێراق و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت لەڕێی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە هەوڵی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەکان بدرێت. 

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد رێککەوتنێکی نیشتمانی بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی بەربەستن لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بە جۆرێک کە رێککەوتنەکە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێک نەبێت و پێویستیشە هەموو لایەنەکان ئاستی داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ناو لایەنە کوردستانییەکانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، " کلیلی چارەسەری ناکۆکییەکان لەوەدایە لایەنەکان بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانەوە. "

 

ئەوەش هاتووە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کرا سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و لەوبارەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەکرێت هەر ئەم بڕیارە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە لە ماوەی رابردوودا رێژەی تاوان لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیشی کرد کە جدییە لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی تاوان و دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.