ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەك دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لە باخێکی سیتەک ژنێکیان بە گوللـە بریندارکردبوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا پۆلیسی سلێمانی (دووشەممە 16-5-2022) ڕایگەیاند، "لە ڕووداوێكدا و دوای ئەوەی دەنگی تەقە بیسترا لەیەكێك لە باخەكانی سیتەك، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەك گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەركەوت كە ژنێك گوللـە بریندار كراوە، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكردوو سەرئەنجام توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێك لەجۆری دەمانچە كە تەقەی پێكرابوو."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەئێستا هەردوو تۆمەتبار (ف ، ع ، م لە دایكبووی 2002 ) و (ع ، م ،ح لەدایكبووی 1983 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 405-31 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە."
هاوکات ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەچالاكییەكی دیکەدا مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەك تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بەچەقۆ هێرشی كردبووە سەر هاوڵاتییەك و برینداری كردبوو دواتر هەڵاتبوو."
دەشڵێت، "لەئێستادا تۆمەتبار (ر ، ع ، س لەدایكبووی 1999 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە."