ناس کورد-
بڕیارى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەهەرێم کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دواى بڵاوکردنەوەى بڕیارەکە لە رۆژنامەى فەرمى "وەقایعی کوردستان".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو ژمارە (281) و (282)ی رۆژنامەی "وەقایعی کوردستان" ی بڵاوکردەوە، کەرۆژنامەی فەرمی هەرێمی کوردستانە.
لە ژمارە (281) دا، یاسای ژمارە (1) ی 2022ی تایبەت بە پاراستنی بەڵگەنامەی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان و یاسای هەمواری یەکەمی وەزارەتی کارەبا، بڵاوکراونەتەوە، هەروەها بڕیاری ژمارە (١٩)ی ٢٠٢٢ ی ئەنجومەنی دادوەریی تایبەت بە پێکهێنانی دادگای گومرگی، و بڕیاری ژمارە (٢٠) یان تایبەت بە دیاریکردنی رۆژی ١٦ی کانوونی دووەم، وەکو "رۆژی دادوەری لە هەرێمی کوردستان" و بڕیاری ژمارە (٢٢)ی تایبەت بە هەڵوەشانەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش بڵاوکراونەتەوە.
هەروەها لەو ژمارەیەدا ژمارەیەک رێنمایی و بەیان بڵاوکراونەتەوە کە لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەرچوون .
بەهەمان شێوە لە ژمارە (282)ی رۆژنامەی "وەقایعی کوردستان"دا یاسایەک و بڕیارێک و سێ رێنمایی، و (بەیان) ێک بڵاوکراونەتەوە، یاساکە یاسای ژمارە (٢)ی ٢٠٢٢ە، کە یاسای چەکە لە هەرێمی کوردستان، بڕیارەکەش بە ژمارە ١٤٥ی ٢٠٢٢ کە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوە، و تایبەتە بە هەڵپەساردنی وەرگرتنی رەسمی باج و گومرگی و کارکردن بە مەرجی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئاژەڵ، سێ رێنماییەکەش لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە دەرچوون، هەمان ژمارە بەیانی ژمارە (١)ی ٢٠٢٢ی وەزارەتی ئەوقافیشی تیادایە .