ناس کورد-
وڵاتی دۆمینیکا پێدانی پاسپۆرتی بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەغەکرد و دەڵێت، ڕێکاری نوێ دەگرنەبەر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی کۆماری دۆمینیکا لە ناوچەی کاریبیان (پێنجشەممە 12-5-2022) ڕایگەیاند، " لە بەشی پێدانی وڵاتینامەی کۆماری دۆمینیکا هەندێک نیگەرانی هەیە لەبارەی ئەو فایلانەی کە لە هەندێک ناوچەی باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) و سووریاوە دەنێردرێن، لەوانەش هەولێر، ئامێدی، دهۆک، کەرکووک، لالش، رانیە، سۆران، سلێمانی و زاخۆ."
ئاماژەی بەوەشکردووە، چاو بە ڕێکارەکانی وەرگرتنی ئەو فایلانەدا دەخشێننەوە و لەو ماوەیەدا وەرگرتنی فایلی نوێ دەوەستێنن، دوای چاوپێداخشاندنەوەکەش ڕێکاری نوێ ڕادەگەیەنن.
هاوکات کۆمپانیایەکی تایبەت بە ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی دووەم لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، "بەڕێزان، " بۆ ماوەی 1 مانگ هیچ فایلێكی كوردستان پێشكەش ناكرێت بۆ بوون بە خاوەنی پاسپۆرتی دۆمینیكا، ئەویش بەهۆی گۆڕانكاری لە نرخی ئەم پاسپۆرتە و زیادبوونی داواكاریەكان بۆ بەدەستهێنانی."
هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتی دۆمینیکا ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە دیاردە لە هەرێمی کوردستان کە تێچووەکەی نزیکەی 100 هەزار دۆلارە.