ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، چوار تۆمەتبار بەتۆمەتی ڕووداوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود دەستگیرکران کە تێیدا کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا پۆلیسی سلێمانی (پێنجشەممە 12-5-2022) ڕایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ ڕووداوێکی تەقەکردن لەشەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لەشاری سلێمانی لەنێوان دوو بنەماڵەدا لەسەر کێشەی زەوی و زار ڕوویدا کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی سێ کەسی تر."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنێ ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکرد، سەرئەنجام توانرا لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە چوار تۆمەتبار دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر چوار ئۆتۆمبێل و چەند پارچە چەکێکدا."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوەو ھەر تۆمەتبارێکی تر لەڕووداوەکە تێوەگلابێت دەستگیردەکرێت."