ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، لەسەرەتاوە یەكێتی لەگەڵ لێكتێگەیشتن و تەوافوقی سیاسیی بووە، چونكە دۆخی ئەمڕۆی عێراق بەجۆرێكە كە نابێت هیچ هێز و لایەنێك پەراوێز بخرێن، دەشڵێت، تاوەكو ئێستاش كات ماوە بۆ گفتوگۆ.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-5-2022، بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیكرد لە ئیلبروس كوتراشیڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێم و كێشە سیاسییەكانەوە كرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا، بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی لە عێراق دروستبووە راگەیاند و وتی، "لەسەرەتاوە یەكێتی لەگەڵ لێكتێگەیشتن و تەوافوقی سیاسیی بووە، چونكە دۆخی ئەمڕۆی عێراق بەجۆرێكە كە نابێت هیچ هێز و لایەنێك پەراوێز بخرێن، ناكرێت بەناوی زۆرینەوە وڵات بەرەو ئاقارێكی خراپ ببرێت و هەموو هەوڵێكیش لە دەرەوەی ئەم ئیرادە نیشتمانییە بێئەنجام دەبێت."
ئەوەش هاتووە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد، "تاوەكو ئێستاش كات ماوە بۆ گفتوگۆ، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە كێشەكان چارەسەر بكەین و حكومەتێكی خزمەتگوزار پێكبهێنین كە وڵات بەرەو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی ببات، ئەمەش ئامانجی ئێمە بووە و هەموو هەوڵەكانمان لەو پێناوەدا بووە."
ئاماژە بەوەشکراوە، "ھەر لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان كرایەوە بەجۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوولا بكات."