گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم؛ دانوستان لەگەڵ بەغدا و رێکخستنەوەى ئەنجومەنى وزە

2022.05.11 - 16:35
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم؛ دانوستان لەگەڵ بەغدا و رێکخستنەوەى ئەنجومەنى وزە

ناس کورد-

 

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیاریدا لەسەر ڕێکخستنەوەی ئەنجومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزە، جەختیشى لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کردەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى ئەنجومەنى وەزیران دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئەنجومەن هەروەها بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکیی حکومیی لە هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە تەواوکردنی مەرجەکانی بانکی ناوەندی عیراق بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای دەستەی متمانە بەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا پە‌سە‌ند دەکات

 

ھە‌ڵمە‌تێك بۆ بە‌رگرتن بە‌ توندوتیژی دژی ئافرەتان ئە‌نجام دە‌درێت

 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوار شەممە 11ی ئایاری 2022 بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆک وەزیران، کۆبووەوە.

 

لەبڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵای لە هەرێمی کوردستان خستە دەنگدانەوە، پاش هەموارکردن و جێگیرکردنی ئەو تێبینییانەی کە پێشتر لەسەر پڕۆژەکە هەبوون، بەکۆی دەنگ پەسەند کرا و بڕیاردرا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنی ، ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە وخوێندن لە ڕێگای دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانیان دەبن بۆ هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین بە پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانەبەخشین.

 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر ڕێکخستنەوەی ئەنجومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزە لە هەرێمی کوردستان و پێکهاتە و ئەرکەکانی کرد، لە دوای گفتوگۆ وڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە باشتر دیراسەی ئەم بابەتە بکرێت و بە میکانیزم وشێوازێک ئەم ئەنجومەنە ڕێکبخرێتەوە کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەنجومەنەکە بێت.

 

سەرۆک وەزیران هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیی کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، لە ناویشیاندا بابەتی نەوت وگاز لە سەر بنەمای دەستووری عێراق، کە بە دەقی ڕوون وئاشکرا، سنووری دەسەڵاتی هەرێم و دەسەڵاتە فیدڕاڵييەکانی دەستنیشانکردووە و بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە،  پشتبەست بە دەستوور، یاسای نەوت وگاز تەشریع بکات کە ببێتە یاسایەکی پشتپێبەستوو لە لایەن هەمووانەوە کە تا ئێستا ئەم یاسایە نیيە و بابەتی نەوت وگاز لە عێراق، بە یاسایەکی پشتبەستوو بە دەستوور ڕێکنەخراوە، سەرۆک وەزیران ڕوونیشیکردەوە کە هەم شاندی وەزاریی هەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە و هەم ئاڵوگۆڕیی پێشنیار وپڕۆپۆزەڵیش بە نووسراوی فەرمی کراوە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن ولێکگەیشتنی هاوبەش لە سەر بنەمای دەستوور.

 

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، باس لە بایەخی ڕێکخستنی یاسایی بۆ وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان کرا لە ڕێگەی گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسایەک بۆ ئەم بابەتە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دوای پەسەندکردنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی بە ئاراستەی هاندان و مسۆگەرکردنی باشترین وەبەرهێنان بۆ سامانی کانزایی لە هەرێم بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە داهاتەکەی بخرێتەوە خزمەتی گشتی وبرەودان  بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دارایی و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم.

 

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتيیەی هەیە. بڕیار درا لایەنە پەیوەندارەکان تاووتوێی بابەتەکە بکەن  چ بە هەماهەنگیی لەگەل حکومەتی فیدرالی و چ بە جیا، بە پێی بەرژەوەندیی هاوولاتیانی هەرێم لەو ڕێکارانە بەردەوام بن کە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا دەبێت.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەبارەی زیادبوونی ژمارەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد و  ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە لە هەڵکشاندایە،  پێویستە كار لە‌سە‌ر نە‌ھێشتنی ئە‌و بیرو فیكرە توندڕە‌وە بكرێت و بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ش،‌ هەڵمەتێک ئەنجامبدرێت لە‌پێناوی بنبڕ کردنی. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دەستگیر دەکەن و ڕاپێچی یاسایان دە‌كە‌ن. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم پرسە ئەنجام بدات بەمەبەستی ڕێکخستنی و دە‌ستپێكردنی ئەو هەڵمەتە.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە و بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکیی حکومیی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەواوکردنی مەرجەکانی بانکی ناوەندی عیراق بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێم و ڕێکخستنەوەی سەرجەم بانکەکانی ئێستا لە چوارچێوەی یەک بانکی نیشتیمانیی پێشکەوتوو و هاوچەرخ کە ئاسانکاریی بانکیی پێویست بۆ هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت پێشکەش بکات.