ناس کورد-
ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەیان ڕاگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 12 چەقۆی لە ھاوسەرەکەی دابوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاشتی عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی جێندەر لە نوسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران (11ی ئایاری 2022) ڕایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان شەوی ڕابردوو ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە 12 چەقۆی لە ھاوسەرەکەی دا و ھەڵھاتبوو.
شهوی 5ی ئایاری 2022، کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردەسەر هاوسەرەکەی بەناوی (ن، م، ح) کە داوای جیابوونەوەی لێکردووە، بەڵام پیاوەکە 12 چەقۆی لە ژنەکەی دا و هەڵهات.
رائید راز فریا، وتهبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/سلێمانی وتی، "دەستدرێژیکارەکە بەناوی (د،ئ،ع) لهدایكبووی ساڵی 1992ـهو دوای ئەوەی تاوانەکەی ئەنجامداوە و ڕایكردوه و له ئێستادا فهرمانی دهستگیركردنی بۆ دهركراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دەستدرێژیکارەکە پێشتریش هاوسەری هەبووە و بەهۆی کێشەی خێزانییەوە جیابوونەتەوە، لەبەر کاریگەر نەبونی رەوتی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردن زانیاری زیاتر بڵاو ناکەینەوە، بەڵام هەمووان دڵنیادەکەینەوە کە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بە هەماهەنگی لە داهاتوویەکی نزیکدا تۆمەتبار دەستگیر دەکەن و مافی خاوەن ماف دەگەڕێتەوە بەپێی یاسا".