گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دابەشکردنى داهات

پارتى و یەکێتى بە ژمارە وەڵامى یەکتر دەدەنەوە

2022.05.10 - 22:07
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى و یەکێتى بە ژمارە وەڵامى یەکتر دەدەنەوە

ناس کورد-

 

پارتى و یەکێتى لەسەر دابەشکردنى داهات بەسەر پارێزگاکاندا وەڵامى یەکتر دەدەنەوە، یەکێتى دەڵێت لەمانگى ئازاردا تەنها 34%ی داهات دراوەتە ئیدارەی سلێمانی، پەرلەمانتارێکى پارتیش ژمارەکان بە "ناڕاست" دادەنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی میدیاى زمانحاڵى یەکێتى (10-5-2022)، كۆی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی 3ی 2022 زیاتر لە ترلیۆنێك و 100 ملیار دینار بووەو لەكۆی ئەو داهاتەش تەنها 34%ی دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین و 66%ی دراوەتە هەولێرو دهۆك.  

 

ئاماژە بەوەشکراوە، كۆی داهاتی ماوەی نەوت بۆ مانگی 3ی ئەمساڵ 551 ملیۆن دۆلار بووە كە دەكاتە 800 ملیار دینار بووەو لەو داهاتەش 279 ملیار دیناری دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین، بەڵام 521 ملیاری دراوەتە هەولێرو دهۆك.، لەمانگی 3دا كۆی داهاتی نانەوتی هەرێم 300 ملیار دینار بووەو  تەنها 100 ملیار دیناری دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین و لەبەرامبەردا 200 ملیار دیناری دراوەتە  هەولێرو دهۆك.

 

بەپێی میدیاى یەکێتى، هاوكاری ئەمریكاش بۆ هێزی پێشمەرگە 22 ملیۆن دۆلار بووە كە دەكاتە 32 ملیار دینار، لەو پارەیەش تەنها 9 ملیاری دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین و 23 ملیاری دراوەتە هەولێرو دهۆك.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، كۆی گشتی داهاتی هەرێم بۆ مانگی 3ی ئەمساڵ ترلیۆنێك و 132 ملیار دینار بووە، لەو پارەیەش 388 ملیار دینار دراوەتە ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین كە 34%ی كۆی داهاتی ئەو مانگەی هەرێم دەكات، بەڵام  لەبەرامبەردا 744 ملیار دینار دراوەتە هەولێرو دهۆك كە 66%ی كۆی داهاتی هەرێم دەكات.

 

لەبەرانبەردا هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتارى پارتى و جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمان لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا وتى لە 900 ملیار دینارى موچەى مانگى سێ، لە 59%ى لەداهاتى نەوت دابینکراوە کە 526 ملیار دینار بووە، لەو بڕە 200 ملیارى چووەتە سلێمانى، 326 ملیارى دیکەشى بۆ هەولێر و دهۆک بووە.

 

وتیشى هەروەها لە 200 ملیارەکەى بەغدا، 115 ملیار دینارى بۆ هەولێر و دهۆک بووە، زیاتر لە 85 ملیار  و 500 ملیۆن دیناریشى چووەتە سلێمانى، لەداهاتى ناوخۆش 95 ملیار دینار بۆ هەولێر و دهۆک بووە و 72 ملیاریشى بۆ سلێمانى بووە، بۆیە ئەو داتایانەى میدیاى یەکێتى بڵاویکردووەتەوە "ناڕاستن".