گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

راپۆرتێک: پارتی كاندیدە دڵخوازەكەی یەكێتی رەتكردەوە

2022.05.10 - 17:24
App store icon Play store icon Play store icon
راپۆرتێک: پارتی كاندیدە دڵخوازەكەی یەكێتی رەتكردەوە

ناس کورد-

 

دیاریکردنى فەهمی بورهان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی بە سە‌رۆکی دە‌ستە‌ی گشتی ناوچە‌ کوردستانییە‌کانی دە‌رە‌وە‌ی ئیدارە‌ی ھە‌رێم، دوای رەتكردنەوەی كاندیدی دڵخوازی یەكێتی (رەوەند مەلا مەحمود) هات، لەلایەن پارتییەوە و بۆ ئەو پۆستە، ئەوەش بەپێی پێگەى "کەرکوک ناو".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتێکى پێگەکە (10-5-2022)، دەستبەكاربونی فەهمی بورهان، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو دێت بەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هۆكارەكەشی بۆ پێداگری پارتی دێت لە رەتكردنەوەی تاكە كاندیدی یەكێتی (رەوەند مەلا مەحمود) بۆ ئەو پۆستە و ناچاركردنی یەكێتی بە گۆڕینی كاندیدەكەیان بە فەهمی بورهان.

 

لیژنەی ناوچەی زانكۆی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە 11ی ئاداری ئەمساڵ، بڵاویكردەوە كە رەوەند مەلا مەحمود - ئێستا لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتییە -، یەكێك بووە لە "خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر"و پارتی رێی پێنادات هیچ پۆستێك لە حكومەتی هەرێم وەربگرێت.

 

رازیبونی یەكێتی بە گۆڕینی كاندیدەكەی بۆ سە‌رۆکی دە‌ستە‌ی گشتی ناوچە‌ کوردستانییە‌کانی دە‌رە‌وە‌ی ئیدارە‌ی ھە‌رێم، لەسەر داوای پارتی، لەكاتێكدایە لە تەمموزی 2019دا كاتێك ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلاییكردەوە لە نێویاندا دیاریكردنی رەوەند مەلا مەحمود، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە بڕیاری سەركردایەتی حزبە و ئەگەری گۆڕانكاریی نییە لەژێر هیچ پاساوێكدا"، ئەوەش بەپێی راپۆرتەکە.

 

فەهمی بورهان، كە لەجێی رەوەند مەلا مەحمود دەستبەكاربووە، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانە و خەڵكی پارێزگای كەركوكە. لە نێو رێكخراوە خوێندكاریی و مەدەنییەكانی حزبەكەیدا كاریكردووە و ماوەیەك سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بووە، كە رێكخراوێكی خوێندكاری سەر بە حزبەكەیەتی.

 

دە‌ستە‌ی گشتی ناوچە‌ کوردستانییە‌کانی دە‌رە‌وە‌ی ئیدارە‌ی ھە‌رێم، بە یاسا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزراوە لە ساڵی 2010دا، دەستەكە تایبەت بۆ ئەو ناوچانە دروستكراوە كە ناكۆكییان لەسەرە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

سەرۆكی دەستەكە بەپێی یاساكە پلەی وەزیری هەیە و سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی، بەدواداچونە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستورییانەی كە پەیوەندییان بە ناوچە جێناكۆكەكانەوە هەیە، لەوانەش ماددەی 140ی دەستوری عیراق، كە بەپێی ئەو ماددەیە دەبوو لە ساڵی 2007دا خاوەندارێتی ئەو ناوچانە یەكلایی بكرایانایتەوە.

 

هەروەها ئەركێكی تری هەماهەنگیكردنە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ئەو ناوچانە و كۆكردنەوە و بە دیكۆمێنتكردنی بەڵگە و روداوە مێژویی پەیوەندیدار بەو ناوچانە.