کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد دادوەرێک دەڵێت پیشاندانی دیمەنی دانپێدانانی تۆمەتباران بە ڕەنگ و دەنگ لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دژ بە مافی مرۆڤە و دەپرسێت: "ئەگەر ئەو تۆمەتبارانە بێتاوان دەرچوون چۆن قەرەبوو دەکرێنەوە؟". . لەتیف شێخ مستەفا، یاساناس و دادوەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە: "پیشاندانی دانپێدانانی تۆمەتباران بە ڕەنگ و دەنگ لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دژ بە مافی مرۆڤە، ھەرچەندە کەیسەکە گرنگ بێ و تاوانەکەش گەورەبێ، بیانوو نیە بۆ پیشاندانی تۆمەتباران لە قۆناغی لێکۆڵینەوە." . .لەتیف شێخ مستەفا نووسیویەتی، "تۆمەتبار بێ تاوانە و دەبێ ھەرواش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت تا ئەو ڕۆژەی لەلایەن دادگایەکی دادپەروەر تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە و حوکم دەدرێت، تەنانەت دوای حوکومدانیشی نابێ سوکایەتی بە کەرامەتیان بکرێت و بەڕەزامەندی خۆیان نەبێت نابێ وێنە و دەنگ و ڕەنگیان بڵاوبکرێتەوە." . نوسینەکەی ئەو دادوەرە دوای بڵاوکردنەوەی دیمەنی دانپێدانانی تۆمەتبارانی ڕووداوی تەقەکردنەکەی ڕیستۆرانتی هۆقەبازی شاری هەولێر هات کە بەهۆیەوە کارمەندێکی تورک و دوو هاوڵاتی هەرێم کوژران. . ئەو دادوەرە باسی لەوەکردووە، ئەگەر ئەم تۆمەتبارانە ھەندێکیان یان ھەمویان لە کاتی دادگایی کردندا بێ تاوان دەرچوون، کێ قەرەبوی خۆیان و کەس و کاریان دەکاتەوە؟. . ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئەمە یەکەمجاری نیە دانپێدانانی تۆمەتباران پێش یەکلابوونەوەی کەیسەکانیان لە دادگا بڵاودەکاتەوە و پێشتریش چەندجارێک دیمەنی تۆمەتبارانی بڵاوکردووەتەوە. .